دوای ٧٠ رۆژ لە هەڵگیرسانی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەربە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەقوڵی نیگەرانە لەو دۆخەی پەیوەستە بە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ئۆکرانیاوە.
ئەمڕۆ شەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیاوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەقوڵی نیگەرانە لەو دۆخەی پەیوەستە بە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ئۆکرانیاوە.
ئاماژەی بەوەشدا، پشتیوانی لە هەوڵەکانی ئەنتۆنیۆ گۆیتریس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات بەئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکە بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لە رێگەی گفتوگۆی نێوان لایەنەکانەوە.
راگەیەنراوەکە لەلایەن پەیکی نەرویج و مەکسیکەوە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێوەدەوڵەتییەوە پوختەکەی ئامادەکراوە و بڵاوکراوەتەوە.
راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنەکە بەڵێنیانداوە بەگوێرەی رێککەوتنەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کێشەکانیان بەشێوە ئاشتییانە چارەسەر بکەن.
دەشڵێت، ئەنجومەنەکە پشتیوانی تەواوی هەوڵەکانی ئەنتۆنیۆ گۆیتریس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی ئاشتییانەی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا.
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی ٧٢ رۆژە جەنگ لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا دەستی پێکردووە و ئەمەش یەکەمجارە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەڵوێستی فەرمی خۆی رادەگەیەنێت.
پێشتر ئەنتۆنیۆ گۆیتریس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی روسیای لە ئۆکرانیا بە “جەنگی بێ هودەی روسیا” وەسف کرد.
روسیاش لەلایەن خۆیەوە، بەرامبەر بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایش مافی ڤیتۆی بەکارهێنا کاتێک ئەنجومەنەکە ویستی بەرامبەر ئۆپراسیۆنەکانی روسیای لە ئۆکرانیا نیگەرانییەکانی دەرببڕێت.
هەفتەی رابردووش لە سەردانێکیدا بۆ روسیا و ئۆکرانیا، ئەنتۆنیۆ گۆیتریس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ هەریەک لە ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا و ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیادا کۆبووەوە.