کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دواخرا

کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە 14ـی ئایاری 2022، ناکرێت و بۆ سبەی یەکشەممە دواخرا. یەکێک لە بڕگەکانی بەرنامەی کارەکەی دەنگدان بوو لەسەر پڕۆژەیاسای پشتیوانی خێرای ئاسایشی خۆراک.

فەرمانگەی میدیایی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر داوای هەندێک لە فراکسیۆنەکان، بۆ راوێژ و گفتوگۆی زیاتر بۆ تەواوکردنی پڕۆژەیاسای پشتیوانی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان، کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ سبەی یەکشەممە دواخرا.

بەرنامەی کاری رۆژی شەممە 14ـی ئایاری ساڵی 2022 سێ بڕگەی لە خۆگرتبوو:

یەکەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای پشتیوانی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان.

دووەم: تاوتوێکردنی بابەتی پێشهاتەکانی ئێستای قەزای شنگال.

سێیەم: گفتوگۆی گشتیی.

نووسینگەی راگەیاندنی حاکم زاملی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رۆژی هەینی 13.5.2022 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: رۆژی هەینی زاملی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمان کرد بۆ تاوتوێکردنی پێداویستییە داراییەکان بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا، لەگەڵ ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پڕۆژەیاسای پشتیوانیی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان، کە دەخرێتە کارنامەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ پەسندکردنی.

بەپێی نووسینگەی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە پڕۆژەیاسای پشتیوانیی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێداندا شایستەکانی پترۆدۆلاری پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت، لەگەڵ بودجەی پێویست بۆ چاودێریی کۆمەڵایەتی و بەشەخۆراکی مانگانە، لە پاڵ شایستەی جووتیاران جێگیر دەکرێت.

لە پڕۆژەیاسای پشتیوانیی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان کە لە 10 ماددە پێکهاتووە، بەشی هەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە، لە کاتێکدا پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەکە کردووە.

لە پڕۆژەیاساکەدا حکومەتی عێراق داوا دەکات هەژمارێک دروستبکرێت و خۆی سەرپەرشتی بکات بۆ کۆکردنەوەی نزیکەی 45 تریلیۆن دینار لەو هەژمارە لە پارەی زیاد لە بودجەی ساڵانە و قەرزی نێوخۆیی و دەرەکی، بۆ بەکارهێنانی بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی خۆراک لە عێراق، ئەوەش لە رێگەی دابینکردنی پارە بۆ بەشەخۆراکی مانگانە و کڕینی گەنم و چەڵتووک، لەگەڵ پێدانی شایستەی ساڵانی رابردووی جووتیاران؛ هەروەها بۆ کەمکردنەوەی هەژاری و بەردەوامیدان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە عێراق، لەگەڵ دانەوەی قەرزی دەرەکی لەسەر عێراق و کڕینی وزە.

پەیوەندیدار