موقتەدا سەدر: بۆ ماوەی 30 رۆژ دەبینە ئۆپۆزسیۆن

رێبەری رەوتی سەدر رایدەگەیەنێت؛ دوای سەرنەکەوتن لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی، بڕیاریانداوە بۆ ماوەیەک کە کەمتر نەبێت لە مانگێک ببنە ئۆپۆزسیۆنی نیشتیمانی.

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی:” شەرەفمەند بوم بەوەی کە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیمان لە مێژوی عێراقدا هەبوە و هەروەها پشت بە خۆم ببەستم و سەر بە هیچ لایەنێکی دەرەکی نەبم، بەڵام زۆربونی ئاستەنگەکان لە ناوخۆ و دەرەوە لەسەر بیرۆکەی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی وایکرد سەرکەوتو نەبین، بۆیە ئێستا تاکە بژاردە کە ماوە و دەبێت تاقی بکەینەوە، بون بە ئۆپۆزسیۆنی نیشتیمانیە”.

سەدر دەڵێت: بۆ ماوەیەک کە کەمتر نەبێت لە 30 رۆژ دەبنە ئۆپۆزسیۆنی نیشتیمانی و ئەگەر لەو ماوەیەدا کوتلە پەرلەمانییەکان توانیان سەرکەوتوبن لەنێویشیاندا ئەو کوتلانەی ئێمە هاوپەیمانێتیمان لەگەڵیاندا هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئاوا کارێکی باشە، بەپێچەوانەوە ئێمە بڕیاری دیکەمان دەبێت.
171 جار خوێندراوەتەوە

پەیوەندیدار