پوتین: فراوانبوونی ناتۆ بە یەك مەرج هەڕەشە نیە بۆ سەر روسیا

سەرۆکی روسیا رایگەیاند، بوون بە ئەندامی فیلەندا و سوید لە ناتۆ هیچ هەڕەشەیەک لەسەر روسیا دروستناکات، بەڵام نابێت ناتۆ بوونی سەربازیی خۆی لەو دوو وڵاتەدا زیاد بکات.

ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوداوە، “سەبارەت بە فراوانبوونی ناتۆ روسیا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ فیلەندا و سوید نیە.” دەشڵێت، “ئەگەر ئەو وڵاتانە بچنە پاڵ ناتۆ و رێکخراوەکە فراوان ببێت هیچ هەڕەشەیەکی دەستبەجێ لەسەر روسیا دروست ناکات.”
باسی لەوەشکردووە، ناتۆ لە ئەگەری فراوانکردنی ژێرخانی سەربازیی لەو ناوچانەی نزیک سنوری روسیان بێگومان رووبەڕووی وەڵامی روسیا دەبێتەوە.

هەرچەندە رووسیا چەند جارێک سوێد و فینلاندی دڵنیاکردووەتەوە کە هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەیان نییە، بەڵام ئەو دوو وڵاتە سوورن لەسەر بوونە ئەندامی ناتۆ و بڕیای کۆتاییان لەوبارەیەوە داوە. ئەگەر فینلاند ببێتە ئەندامی ناتۆ، 1300 کیلۆمەتری دیکە بە درێژایی فینلاند بۆ سنوورەکانی نێوان وڵاتانی ناتۆ و رووسیا زیاد دەبێت.لایخۆشیەوە، سێرگێی ریابکۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، رۆژئاوا دەبێت خەیاڵ نەکاتەوە لەوەی روسیا هەروا بە سادەیی فراوانبوونی ناتۆ لە باکوورەوە پەسەند بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پوتین چەند جارێک ئاماژەی بەوەداوە کە فراوانبوونی هاوپەیمانێتی ناتۆ بۆ ئەو وڵاتانەی کە پێشتر سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوون و نزیکن لە سنوورەکانی روسیاوە هۆکارە بۆ هێرشەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئۆکرانیا.
هاوکات روسیا وەستاندنی ئەو هێرشانەی بەستووەتەوە بە پاشگەزبوونەوەی ئۆکرانیا لە بوون بە ئەندامی ناتۆ.

پەیوەندیدار