نرخەکانی نەوت لە دوایین ساتەکانی داخستنی بازاڕ لە شەوی رابردوو، بەهۆی هەوڵی وڵاتانی ئەوروپی بۆ قەدەخەکردنی هاوردەکردنی نەوتی رووسیا و هەروەها ئاسانکردنی رێوشوێنەکانی هاتووچۆ لە چین بەرزبووەوە.
نرخی نەوتی برێنت نزیکەی 0.5٪ بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 112 دۆلار و 55 سەنت فرۆشرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساس لە 0.9٪ بەرزبووەوە و بە 113 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دوای ئەوەی لە نێوەڕاستی مانگی دوو بەهۆی نیگەرانی لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا نرخەکانی نەوت دابەزین، بۆ ماوەی چوار هەفتەی بەردەوامە کە ئاراستەیان بەرەو بەرزبووەنەوە گۆڕیوە.
کرەیک ئەرلەم، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای راوێژکاریی ئواندا رایگەیاند “ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت لە ئارادایە بەهۆی پلانی ئەوروپییەکان بۆ وەستاندنی نەوتی رووسیا و هەروەها کرانەوەی بازاڕەکانی چین.”
بازاڕەکانی وزە چاوەڕێی بەرزبوونەوەی خواستی چین دەکەن بۆ هاوردەکردنی نەوتی زیاتر بەوپێیەی کە لە هەفتەی رابردووەوە رێوشوێنەکانی پەیوەست بە قەدەخەی هاتووچۆ لە شانگهای، گەورەترین ناوەندی بازرگانیی ئەو وڵاتە ئاسانکراون.