ئەمشەو یاری كۆتایی چامپیۆنزلیگ ئەنجامدەدرێت

دوای ڕکابەرییەکی بەهێز لەنێوان دوو جەمسەری گەورەی دنیای تۆپی پێ دواجار هەردوو یانەی ڕیاڵ مەدرید و لیڤەرپوڵ لە یاریگای سان دۆنی لەپاریسی پایتەختی فەرەنسا جەنگی یەکلاکرنەوەو بەدەست هێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ دەکەن.

ریاڵ مەدرید دەیەوێت بە ئەزمونە زۆرەکەی لە پاڵەوانێتیەکەدا و بەتایبەت بردنەوە سەرنجڕاکێشەکانی لە سێ قۆناغی پێشووتری ئەم وەرزە نازناوەکە بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

یانەی ریاڵ مەدرید بە دەرونێکی ئارامەوە یاریدەکات چونکە پێش کۆتایی هاتنی خولی ئیسپانیای ئەم وەرزە بە چەند هەفتەیەک نازناوەکەی یەکلاکردبوەوە، لە بەرامبەردا یاریزانانی یانەی لیڤەرپوڵ زۆر ماندوون چونکە تا دواین ساتی هەفتەی کۆتایی پریمەرلیگ شەڕی نازناوەکەیان لەگەڵ مانچستەرسیتی دەکرد و نەبردنەوەی نازناوەکەش کاریگەری خراپ لەسەر دەروونی یاریزانەکانی ئەو یانەیە دروستدەکات.

بەڵام بردنەوەی هەردوو نازناوی جامی یەکێتی ئینگلتەرا و جامی کاراباو لەم وەرزەدا رۆحیەتێکی تر دەبەخشێت بە یاریزانانی یانە ئینگلیزیەکە تا هەوڵبدەن سێیەم نازناوی ئەم وەرزە بەدەستبهێنن و ساڵێکی نایاب پێشکەشی هاندەرەکانیان بکەن بە راهێنەرایەتی یۆرگن کلۆپی ئەڵمانی.

هەردوو یانە لە روویی ئەستێرەوە یەکلاکەرەوەن بەو پێیەی یاریزانانیان ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کردوە تا گەیشتنی یانەکانیان بەیاری کۆتایی.

لە ڕیاڵ مەدرید کەریم بنزیمە یاریزانی یەکلاکەرەوەی یانەکەیە و کاریگەری تەواوی هەبوو لەسەر گەیشتنی یانەکەی بەیاری کۆتایی کاتێک بە گۆڵە نایابەکانی هەموانی شۆک دەکرد، ئێستاش بە 15 گۆڵ گۆڵکاری چامپیۆنزلیگە

لەیانەی لیڤەرپوڵیش محەمەد سەڵاح یاریزانی یەکلاکەرەوەی دۆخە سەختەکانی یانەکەی بووە پێشتریش ئاماژەی بەوە کردوە دەیەوێت تۆڵەی شکستەکەی 2018 لە ڕیاڵ مەدرید بکەنەوەو نازناوەکە بەدەست بهێنن، لەم وەرزەدا محەمەد سەڵاح لە چامپیۆنزلیگ خاوەنی هەشت گۆڵە.

لەماوەی ڕابردوودا هەردوو یانە لە مێژوودا هەشت جار رووبەڕووی یەکبونەتەوە لە چامپیۆنز لیگدا، ڕیاڵ مەدرید لە چوار یاریدا بردنەوەی بەدەستهێناوە لە بەرامبەردا لیڤەرپوڵ سێ بردنەوەی هەبوە و لە یەک یاریشدا یەکسانبوون.

لیڤەرپوڵ و ڕیاڵ مەدرید تا ئێستا تەنیا دوو جار لە یاری کۆتایی چامپیۆنز لیگدا بەرامبەر یەکتر یارییان کردووە، لە 1981 لیڤەرپوڵ بە گۆڵێکی بێبەرامبەر یاریەکەی بردوەتەوە و بوەتە پاڵەوان بەڵام یانەی شاهانە لە ساڵی 2018 لە لیڤەرپوڵی بردوەتەوە و نازناوەکەی بەدەستهێناوە.

ئێستا ماوەتەوە بڵێین، کامیان دەتوانێت نازناوی ئەم وەرزەی گەورەترین خولی ئەوروپا بەدەستبهێنێت کە ئەویش چامپنزلیگە، ڕیاڵ مەدرید بۆ 14مین جار یان لیڤەرپوڵ ژمارەی نازناوەکانی دەکاتە حەوت نازناو و هاوشێوەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی لێدەکاتەوە.

كارلۆ ئەنچیلۆتی: سەرجەم یاریزانەکان زۆر بەباشی خۆیان بۆ ئەو یاریە ئامادە کردووە

کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی لەبارەی یاریەکەیانەوە بەرامبەر لیڤەرپوڵ ڕایگەیاند بەڕاسیتی کارێکی سەرنجڕاکێشە توانیمان بگەینە یاری کۆتایی کە ئەوەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ یانەکە چونکە هەمووان لەبارەی مێژووی ڕیاڵ مەدریدەوە شارەزان.

کارلۆ وتیشی: لە یاری کۆتایی 2018 چەند کێشەیەکمان هەبوو بەڵام لەکۆتایدا توانیمان بردنەوە بەدەستبهێنین، هەروەها لیڤەرپوڵیش لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆیەوەبینیوە و بێگومان هەوڵی بردنەوەی نازناوەکە دەدەن.

ئەو ڕاهێنەرە ئیتاڵیە ئاماژەی بەوەشکرد سەرجەم یاریزانەکانی بەشێوەیەکی زۆرباش خۆیان بۆ ئەو یاریە ئامادە کردووە و پێکهاتەی سەرەکیشی دیاری کردووە.

لەکۆتایشدا دوپاتیکردەوە بنزیمە خاوەنی کەسایەتی و تایبەتمەندیەکی جیاواز بەخۆیەتی و لە ناوەوە و دەرەوە یاریگا کاریگەری لەسەر یانەکە هەیە.

یۆرگن کلۆپ: دەمانەوێت بەرامبەر بە ڕیاڵ مەدرید بەباشی بجەنگین

یۆرگن کلۆپی ڕاهێنەری یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی تایبەت بە یاریەکەیان بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ ڕایگەیاند بارودۆخی سەرجەم یاریزانەکان زۆرباشە و بەجۆش و خرۆشەوە چاوەڕێی یاریەکە دەکەین.

کلۆپ وتیشی: دەمانەوێت بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید بەباشی بجەنگین چونکە ئەوان خاوەنی ئەزمونێکی زۆرن و لە ئەگەری بردنەوەی نازناوەکە هەندێک لە یاریزانەکانیان بۆ پێنجەم جار نازناوەکە بەدەست دەهێنن کە ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە.

ئەو ڕاهێنەرە دوپاتیکردەوە سەرجەم یاریزانەکان لە ئامادەباشیدان و هەریەکە لە فابینیۆ و تیاگۆ ئەلکانتاراش لەپێکانەکانیان چاکبونەتەوە و بەشداری یاریەکە دەکەن.

لەکۆتایشدا وتی: هەموومان پێکەوە یاری کۆتاییمان لە کیێڤ دۆڕاند و لەبیرمان نەکردووە کە چی ڕوویدا لەبەرئەوەش یانەکە بۆ چەند هۆکارێک خواستی بردنەوەی نازناوەکەی هەیە.

پەیوەندیدار