سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند کە ھەر لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، ستەم لە کورد کراوە و گوتی: ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق چارەسەر گونجاویان بۆ پرسی کورد ھەبووایە، ھەموو ئەو قەیرانە روویان نەدەدا.
نێچیرڤان بارزانی لە میانی بەشدارییکردنی لە کۆنفرانسی “ئاشتی لە رێگای میانڕۆییەوە” کە لە ھەولێر دەستی پێ کرد، گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند “ئەم کۆنفرانسە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی بتواندرێت قسە لەسەر زۆر پرس بکرێت و گوتی: ھیچ شتێک ھێندەی ئاشتی بۆ ناوچەکە گرنگترە نییە، پاراستنی ئاشتی لە ناوچەکە، ئەرکێکی گەورەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی باسی لە رەوشی عێراقیش کرد و گوتی: “نائارامی و شەڕ لە عێراق، کێشەی بۆ ھەموو ناوچەکە دروست کردووە، دەبێت پێکھاتەکانی ئەم وڵاتە لەو تێبگەن کە پێویستییان بە ئاشتییە”.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە گرنگی بوونی میانڕۆیی لە کۆمەڵگادا کرد و رایگهیاند: دەبێت میانڕۆیی لە ھەموو کایەکانی ژیانماندا، رەنگدانەوەی ھەبێت، ھەروەھا تەنھا لە ئاشتەواییدا مافی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق پارێزەراو دەبێت.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت رابردووی عێراق، بۆ ھەموومان ببێت بە پەند و گوتی: ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق چارەسەر گونجاویان بۆ پرسی کورد ھەبووایە، ھەموو ئەو قەیرانە روویان نەدەدا.
نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە لێکەوتەکانی نەبوونی ئاشتی لە عێراق کرد و رایگەیاند کە لێکەوتەکانی نەبوونی ئاشتی لە عێراق، بووەتە ھەڕەشە و مەترسی بۆسەر ناوچەکە و جیھان و گوتی: ئەو چەقبەستووە سیاسیەی کە ئێستا عێراق بەرەوڕووی بووەتەوە، ھۆکارەکەی نەبوونی میانڕۆییە لەنێوان لایەنەکاندا.
(224 وشە)
A: bestun latef
.