هۆبەی داتاکانی بەشی چاودێری بوومەلەرزە لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا 39 بوومەلەرزە تۆمارکراون.
ئەمرۆ یەکشەممە 5ی 6ی 2022، بەشی چاودێری بوومەلەرزە لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا رایگەیاندووە، تەنیا لە مانگی رابردوودا 39 بوومەلەرزە بە هێزی جیاواز، کە نزمترینی یەک پلە و بەرزترینی چوار پلەی رێختەر بوو، لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی عێراق تۆمارکراوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، سەرچاوەی 25 بوومەلەرزە لەناو خاکی عێراق بوون، هەروەها هەشت بوومەلەرزەش سەرچاوەکەیان لە خاکی ئێرانەوە کاریگەری بۆ ناو عێراق هەبووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان لە هەرێمی کوردستان، لە عێراقیش پارێزگاکانی نەینەوا، میسان، بەسرە و زیقار زۆرترین بوومەلەرزەیان لێ تۆمارکراوە.