بەرێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم رایگەیاند، بڕی دوو ملیار دینار پارەی گەنمی جوتیاران ھاتۆتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم. دەشڵێت، ” وەرگرتنی گەنم بەردەوامە و زیاتر لە ٢٥ ھەزار تەن گەنم وەرگیراوە”.
نەوزاد کامل بەرێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لەسەرجەم سایلۆکانی کوردستان بەردەوامەو تائێستا ٢٥ هەزار و ٦٥٣ تەن و ٤٢٠ کیلۆ گەنمی جوتیارا وەرگیراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، سەرەڕای وەرگرتنی ئەم بڕەگەنمەی سەرەوە لەھەمان کات چەکی پارە بە بڕی دوو ملیار دینار پارەی گەنمی وەرگیراو بۆ ساڵی (٢٠٢٢) ھاتۆتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی.
دەشڵێت، لە نزیکترین کات دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، بەشێوەیەک یەک ملیار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی و پێنج سەد ملیۆن دیناریش بۆ پارێزگای ھەولێر و پێنج سەد ملیۆن دیناری دیکە بۆ پارێزگای دھۆک تەرخانکراوە .
بەرێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم باسی لەوەشکردووە، بڕیارە لە رۆژانی داھاتوو بڕێکی دیکە پارە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەت.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا، وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، لەم ساڵدا حکومەت گەنمی جوتیاران هەمووی بە پلە یەک وەردەگرێت و هەرتەنێکیش بە ٨٥٠ هەزار دینار لە جوتیاران دەکرێت و ١٠ رۆژ دوای وەرگرتنی گەنمەکەش شایستەی دارایی بە جوتیاران دەدات.