شاندێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات

ئەمڕۆ دووشەممە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا تاوەکو درێژە بە گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا بدەن. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “مەبەستمان زامنکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.”

رۆژی یەکشەممە 5-6-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، “بەمەبەستی درێژەدان بە گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق سبەی دووشەممە 6ـی حوزەیرانی 2022، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.”

لەبارەی مەبەستی سەردانی شاندەکە بۆ بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، “لەپێناو زامنکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.”

رۆژی دووشەممە 11-04-2022، شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دوایین سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆبوونەوە.

ئەو شاندەی سەردانی بەغدا دەکات، پێکهاتووە لە خالید شوانی، وەزیری هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق. د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران. د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون و د. خالید ھادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان.

رۆژی دووشەممە 11-04-2022، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو، “پرەنسیپە گشتییەکانیان بریتییە لەوەی هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو گرێبەستانە رەوانە بکات، کە لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیا نەوتییەکان واژۆی کردووە بەمەبەستی پێداچوونەوە و هەموارکردنەوە و چاککردنیان، جگە لەوەی ئەو لایەنەی واژۆی کردووە دەگۆڕدرێت بۆ کۆمپانیایەکی نەوتی کە بۆ ئەو مەبەستە دروستدەکرێت. بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بارەگاکەی لە هەولێر دەبێت.”

خالید شوانی، سەرۆکی ‌شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتبووی، “هەندێک میکانیزممان دانا، دەکرێت ببێتە نەخشەڕێگای ئایندەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوت، بە هەموو جومگەکانییەوە بەشێوەیەکی ریشەیی.”

پەیوەندیدار