ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پێشنیازە یاسای ئاسایشی خۆراک کۆدەبێتەوە، پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت، “ھەوڵ ھەیە پێشنیازە یاساکە تێپەڕێنرێت و ھەرێمی کوردستانیش لەو بڕە پارەیەی بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان دیاریکراوە بێبەشکراوە”.
کۆردۆ عومەر ئەندامی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدانە بە پێشنیازە یاسای ئاسایشی خۆراک و ھەرچەندە تێبینی لەبارەی پێشنیازە یاساکە ھەیە بەڵام ھەوڵ ھەیە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و تێپەڕێنرێت.
باسی لەوەشکرد، ھەرێمی کوردستان بێبەشکراوە لەو بڕە پارەیەی بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان دیاریکراوە، بۆ ئەوەش ھەوڵی زۆریاندا بەشێک لە پرۆژەکانی سایلۆو بەنداوەکان بێبەش نەکرێن و بڕێکیان بۆ دیاری بکرێت بەلام ئامادەنین پشکی ھەرێمی کوردستان دیاری بکەن، بۆ ئەوەش پەرلەمانتارانی کورد دەنگ لەسەر ئەو بڕگەو ماددانە دەدەن کە لە بەرژوەندی ھاووڵاتیانەو ئەو بڕگەیەش کە بۆ دیاریکردنی بڕی ٨ تریلیۆن دینار بۆ پەرەپێدانی ھەرێمەکان و ھەرێمی کوردستانی لێ بێبەشکراوە دەنگی پێنادەن.