بڕیارێكی نوێ بۆ مووچەی خانەنشینيی فەرمانبەران دەردەچێت

بەرپرسێكی باڵای خانەنشینی، لەبارەی بڕیارێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێدانی مافی خانەنشینی بە بەشێك لە فەرمانبەران، زانیاری دەخاتە ڕوو و ئاشكرای كرد، ئەوەی فەسڵ كرابێت، بە مەرج مافی خانەنشینی بۆ دەگەڕێندرێتەوە.

حازم گۆران، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: “هەر فەرمانبەرێك، كە فەسڵ كراوە و دەستلەكاركێشانەوەی قبووڵ كراوە و 15 ساڵ خزمەتی هەیە و 45 ساڵیش تەمەنی هەیە، ئەوا خانەنشین دەكرێت و مووچەی خانەنشینی بۆ دەبڕدرێتەوە”.

ئاماژەی بەوەش دا: “ئەو فەرمانبەرانەی بەبێ رەزامەندیی لایەنی پەیوەندیدار دەستیان لە كار كێشاوەتەوە، ئەو شایستەی مافی خانەنشینی نایانگرێتەوە”.

بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، ژمارە 27ی ساڵی 2006ی عێراق، كە لە هەرێمی كوردستانیش بەركارە، هەر فەرمانبەرێک لێخستن (عزل) یان کارکەنارکردن (فەسڵ) بکرێت، یان بەهۆی ناچاری راژەکەی بەجێبێهێڵێت و خزمەتەکەی لە 15 ساڵ کەمتر بێت، ئەوا شایستەی مووچەی خانەنشینی دەبێت، بەڵام مووچەی بۆ خەرج ناکرێت، تاوەکوو 45 ساڵی تەمەنی تەواو دەکات.

بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی ئاشكرای كرد: “بەپێی نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران و رێنوێنیی وەزارەتی داریی، مافی خانەنشینیی فەرمانبەرانی لەکار لادراو ئەوكاتە دەبێت، كە مەرجی تەمەن و خزمەتی تێدابێت، ئەگەر خزمەتەکەی لە 15 ساڵ کەمتر بێت، تاوەکوو 45 ساڵی تەمەنی تەواو نەكات، مافی ئەوەی نییە مووچەی خانەنشینی هەبێت”.

جەختی كردەوە، ئەو بابەتە تەنیا ئەو جۆرە فەرمانبەرانە دەگرێتەوە و پەیوەندیی نییە بە بابەتی دیكەوە.

بەپێی رێنوێنیی دارایی، ئەوانەی لەكار لادراون، یان خزمەتیان جێهێشتووە، بە هۆكاری سیاسی بێت یان هەر هۆكارێكی دیكە، ئەوا 15 ساڵ خزمەت و 45 ساڵ تەمەن تەواو بكات، مووچەی خانەنشینی پێ دەدرێت.

پەیوەندیدار