نرخی نەوت بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بەرزبوونەوەی تۆمارکرد، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت و بەرزبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە، بەو پێیەی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە رێوشوێنەکانی هاتووچۆی ئاسان کردووە، کە پێشتر لە دژی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مانگی 2ی ئەمساڵەوە گرتبوویەبەر.
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 22 سەنت بەرزبووەوە و بە 120 دۆلار و 79 سەنت مامەڵەی پێوەکرا؛ هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 24 سەنت بەرزبووەوە و بە 119 دۆلار و 65 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەکاتێکدا کە بازاڕی نەوت چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە قەبارەی نەوتی کۆگاکراوە لە ئەمریکا کە کاتژمێر 05:30ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی هەولێر لە ئەمریکا لەلایەن کارگێڕی زانیاریی وزەی ئەمریکا بڵاودەبێتەوە.
رۆژی سێشەممە پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا داتاکانی پەیوەست بە قەبارەی کۆگای نەوتی لە ئەمریکا بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە زیادیکردووە؛ بەڵام زۆرجار ئامارەکانی ئەو دوو ناوەندە جیاوازییان هەیە، ئامارەکانیش کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دادەنێن.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای تێرافیگۆرا، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی پەیوەست بە بازرگانیی نەوت، لەبارەی نرخەکانی نەوتەوە رایگەیاندووە، بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست، نرخی بەرمیلێک نەوت لە ئەمساڵدا بەرزدەبێتەوە بۆ 150 دۆلار.
بانکی جەی پی مۆرگانیش دەڵێت، قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی رووسیا بە بڕی رۆژانە 500 تاوەکو 700 هەزار بەرمیل کەمیکردووە لەبەر گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتە.
لەلایەکی دیکەوە بانکی گۆڵدمان ساکس، رۆژی سێشەممە 7ی حوزەیران پێشبینییەکانی خۆی بۆ نرخی نەوت بڵاوکردەوە و رایگەیاند، نرخی نەوت بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە جیهاندا، بووژانەوەی خواستی چین لەسەر نەوت و کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی رووسیا.
هەریەکە لە دامیێن کۆرڤالین و ڤێفری کۆری، شرۆڤەکارانی گۆڵدمان ساکس لە توێژینەوەیەکی 6ی ئەم مانگەدا رایانگەیاندووە، لە مانگی تەممووزی داهاتووەوە و لە ماوەی 12 مانگی داهاتوودا نرخی نەوتی برێنت بە تێكڕا 135 دۆلار دەبێت بۆ هەر بەرمیلێک.
گۆڵدمان ساکس دەڵێت، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە جیهاندا 75 ملیۆن بەرمیل کەمترە لە پێشبینییەکانی پێشوو. سەبارەت بە خواست و خستنەڕووی نەوت، بانکەکە پێشبینیی کردووە بە تێكڕا کورتهێنانی خستنەڕووی نەوت بەراورد بە خواستی بازاڕ دەگاتە 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
شرۆڤەکارانی گۆڵدمان ساکس دەڵێن، هەرچەندە دابەزینی بەرهەمی نەوتی رووسیا کەمترە وەکو لە ئاستی پێشبینییەکان، بەڵام رەنگە بووژانەوەی خواستی چین لەسەر نەوت، دووبارە ببێتەوە هۆی دروستبوونی کورتهێنانی زیاتر لە خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان.
بەگوێرەی گۆڵدمان ساکس، بەهۆی قەدەخەی نەوتی رووسیا لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە، ئەگەری هەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022 ئاستی بەرهەمی نەوتی رووسیا بە بڕی 1 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە کەم بکات.