وڵاتی ئیسپانیا 69 حاڵەتی نوێی توشبون بە نەخۆشی مەیمون لە وڵاتەکەدا راگەیاند، کەبەمەش کۆی ژمارەی توشبوان گەیشتە 225 حاڵەت کە ئەمە زۆرترین ژمارەی توشبونە لە وڵاتانی ئەوروپا کە تائێستا تۆمارکرابێت.
وەزارەتی تەندروستی ئیسپانیا بڵاویکردوەتەوە، تائێستا 439 پشکنین بۆ نەخۆشی مەیمون لە وڵاتەکەدا ئەنجامدراوە 214 ئەنجامیان نێگەتیڤ بون ژمارەی حاڵەتە توشبوەکانیش تەنها 156حاڵەت بون.
رونیشیکردوەتەوە، لەنوێترین ئاماردا 69 حاڵەتی دیکە تۆمارکراوە و کۆی گشتی حاڵەتەکان گەیشتوەتە 225 حاڵەت، بەڵام هیچ کەسێک بە ڤایرۆسەکە نەمردوە.
یەکەم حاڵەتی توشبون بە پەتای مەیمون لەساڵی 1970 لە کۆنگۆی دیموکرات تۆمارکراوە، وەک رێسایەکی گشتیش زۆرینەی توشبوان لە وڵاتانی ئەفریقادابون، کە ڤایرۆسەکەیان لە ئاژەڵەوە بۆ گواسترابوەوە.
لەچەند رۆژی رابردودا هەریەکە لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئوستورالیا و کەنەدا و ژمارەیەکی دیکە لە دەوڵەتانی ئەوروپا بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکەیان بەشێوەیەکی فراوان راگەیاند، بەڵام تائێستا هۆکاری بڵاوبونەوەی بەشێوەیەکی تەواوەتی نەزاندراوە.
لەماوەی رابردودا لە جیهاندا ڤاکسینی دژە نەخۆشی مەیمون بەکاردەهات، بەڵام بەهۆی دروستبونی بەرگری گشتی لەدژی نەخۆشییەکە بەکارهێنانی راگیرا، بەڵام تائێستا هیچ دەرمانێک بۆ چارەسەری نەخۆشییەکە لەئارادا نییە، بەشێکی زۆر لە توشبوان لەنێوان(6-16) رۆژ لە توشبون بێ بەکارهێنانی هیچ دەرمانێک چاکدەبنەوە و رێژەی 10%یشیان بەهۆی کاریگەری نەخۆشییەکە دەمرن.