وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیەنێت؛ دیاردەی بازرگانیکردن و بەکارهینانی ماددەی هۆشبەر لە سلێمانی لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە، ئاشکراشی دەکات لە شەش مانگی رابردودا توانیویانە 240 بەکارهێنەر و بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن.
یاسین سەمیع وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئاماری کار و چالاکییەکانی شەش مانگی رابردوی هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی لە روبەڕوبونەوەی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، خستەڕو و رایگەیاند: هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی لەشەش مانگی رابردوی ساڵی 2022 توانیویانە 240 تۆمەتبار بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر بکەن.
ئاشکراشیکرد، لەو 240 تۆمەتبارە، 229 تۆمەتباریان لەرەگەزی نێرن و 11 تۆمەتبار لە رەگەزی مێن، هەروەها 67 تۆمەتبار بازرگانیان بە ماددەکانەوە کردووە و 173 تۆمەتبار بەکارهینەر و ئالودەبون.
وتەبێژی ئایایشی سلێمانی، وێڕای خستنەڕوی مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر فراوانبونی لە جیهاندا، جەختیشی کردەوە کە لە سلێمانی توانراوە تا ڕادەیەک کۆنتڕۆڵ بکرێت و بەراورد بە ساڵی رابردوو ژمارەکە کەمی کردووە.
ئەمڕۆ رۆژی جیهانی روبەڕوبونەوەی بەکارهینان و بازرگانیکردنە بە ماددە هۆشبەرەکان و بەپێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکتنیش، 275 ملیۆن کەس لەسەر ئاستی جیهان بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکانن.