قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەستیپێكرد

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردنی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و هیزە عێراقییەکانی لە زنجیرە چیای قەرەچووغ راگەیاند.

لەو راگەیەندراوەی کە لە شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ۲۰ی تەمووزی۲۰۲۲، لە زنجیرە چیای قەرەچووغ ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هیزە فیدراڵییەکان بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی عێراقی دەستی پیکرد.

دوێنێ سێشەممە، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق لە زنجیرە چیای قەرەچووغ راگەیاند.

شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە رایگەیاندبوو، لە چوارچێوەی پەرەپێدان بە هەماهەنگی و پەیوەندی و هاوکارییەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بەیانی رۆژی سێشەممە، ١٩ی تەمووزی ٢٠٢٢، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لەنێوان هەردوولا لە چیای قەرەچووغ دەستی پێکرد.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدرابوو کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا، هەریەک لە هێزەکانی میحوەری شەش و یەکەیەکی زێرەڤانی و هێزێکی دژەتیرۆر و چەند یەکەیەکی تری هێزی پێشمەرگە و فیرقەکانی ١٤ و ١٦ و یەکەیەکی دژەتیرۆری عێراقی، بەپشتیوانی فڕۆکەوانی هێزی ئاسمانیی و فڕۆکەوانی سوپای عێراقی، بەشدارییان تێدا کردووە.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتبوو، ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی کاری هاوبەشی نێوان هێزەکانی فیدڕاڵی و هێزەکانی پێشمەرگە هاتۆتە دی، بەرهەمی لێکتێگەیشتنە ئەمنییە هاوبەشەکانی هەردوولایە، بۆ مەبەستی لەناوبردن و تێکشکاندنی چەکدارانی داعش لە ناوچەکەدا.

پەیوەندیدار