شەمەندەفەرێك لە ژاپۆن بە رۆنی بەكارهاتووی چێشتلێنان كار دەكات

لە ژاپۆن لەبری سووتەمەنی بۆ جووڵەی شەمەندەفەرێک، سوود لە چەلاو و بەرماوەی رێستۆرانتەکان و رۆنی بەکارهاتووی چێشتلێنان وەرگیراوە.

شەمەندەفەرەکە بە ژینگە دۆست هەژمار دەکرێت چونکە بڕێکی کەم دووکەڵ دەردەدات کە بەراورد بە دووکەڵی سووتەمەنییەکانی دیکە زیانی ئەوتۆی نییە. گەشتیارانیش بە شەمەندەفەرەکە بەنێو ناوچە سەوزە جوانەکانی شارۆچکەی تاکاچیهۆ لە باشووری ژاپۆن گەشت دەکەن.

دای کی نیشویرا، بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، “ئەو رۆنە وزەبەخشەی ئەمجارە ناساندمان لە رۆنی ئاژەڵ پێکهاتووە و لە ئێسکی بەراز داماڵراوە. لەڕووی کێش-ەوە جیاوازیی نییە لەگەڵ رۆنەکانی دیکە. بۆنەکەشی زۆر تایبەتە. بۆنی چێشتخانەیەکی چینیی لێدێت یاخود بۆنی برنجێکی برژاو.”

دووکەڵی شەمەندەفەرەکە هێندە سرووشتی و بێ زیانە، سەرنشینان بێزار ناکات؛ وەکو ئەوە وایە سەرنشینان لە میوانداری بن و بۆنی چێشتخانەیان بۆ بێت.

دایکی نیشویرا، بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندن ئاماژە بەوە دەکات، “رۆنی کیمیایی کە جاران بەکارمان دەهێنا، رەنگی سەوزە. رۆنی خۆراک کە ناساندوومانە رەنگی وەکو رۆنی رووەک وایە. سوودەکانی ئەوەیە، ئەمە ژینگەدۆستە و بزوێنەری شەمەندەفەرەکەش نەرم کاری خۆی دەکات بەراورد بە رۆنی کیمیایی.”

بەر لە کۆتاییهاتنی گەشتەکەی، شەمەندەفەرە ژینگەدۆستەکە دەچێت لەسەر بەرزترین پردی ژاپۆن دەوەستێت، کە 105 مەتر بەرزە و لەسەر دۆڵێکی سەوزی سەرنجڕاكێش هەڵکەوتووە.

لە ساڵی 2005 لافاوێک شەمەندەفەرەکەی پەکخست، لە ساڵی 2014 هێڵی ئاسنینەکە وەگەڕخرایەوە و ئەمساڵیش بۆ یەکەمجار وا دیزاینکرا بە رۆنی ئاژەڵ کار بکات.

پەیوەندیدار