لە مێردینی باکووری کوردستان لە یەک شوێندا دوو رووداوی هاتووچۆ روویاندا، یەکەم رووداوی هاتووچۆ روودەدات، خەڵکی بە مەبەستی هاوکاریکردن لەو ناوچەیە کۆدەبنەوە؛ چەند خولەکێک دواتر بارهەڵگرێک بە خێراییەکی یەکجار زۆر، بە ناو خەڵکەکەدا دەڕوات.
دوای رووداوەکە هاونیشتمانیان تووشی شۆک بوون. بەپێی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا 24 کەس گیانیان لەدەستداوە و 23 کەسیش بریندارن کە دۆخی شەشیان ناجێگیرە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیویێتی، “بەداخەوە هەواڵێکی دڵتەزێنمان لە شارۆچکەی دێرکی مێردینەوە پێگەیشت. داوای لێخۆشبوونی خودا بۆ ئەو هاووڵاتییانەمان دەکەین کە لەو رووداوە جەرگبڕەدا گیانیان لەدەستدا. هەروەها هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازین.”