سەرچاوەیەكی ئەمنی ئاشكرای كرد، كوڕی فەرماندەیەكی سەربازی بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەكەی لە بازگەی نێوان خەلیفان – سۆران رانەگرتووە، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە تەقەی لێكراوە و دواتر دەستگیر كراوە.
سەرچاوەكە بە میدیاكانی پارتی وتووە، كاتژمێر 10:52 خولەكی شەوی رابردوو ئۆتۆمبێلێكی جۆری “پیكاب تۆیۆتا” كە لە خەلیفانەوە بەرەو سۆران رۆیشتووە لە بازگەی نێوان ئەو دوو ناوچەیە ئۆتۆمبێلەكەی رانەگرتووە.
بەپێی زانیاریەكانی هەمان سەرچاوە، بەهۆی ئەوەوە ئاسایش تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەكە كردووە، دوو كەس بە سوكی بریندار بوون كە یەكیان شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە بووە و كوڕی فەرماندەیەكی سەربازییە، دوای ئەوەش ئۆتۆمبێلەكە گەڕاوەتەوە و شكاندوویەتیەوە سەر ئەندامانی ئاسایش و دواتریش هەڵاتوون بۆ خەلیفان.
سەرچاوە ئەمنییەكە ئەوەشی رونكردووەتەوە، هێزەكانی ئاسایش لە خەلیفان 4 كەسیان دەستگیر كردووە كە لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا بوون و دۆخەكە كۆنترۆڵ كراوە.