مستەفا کازمی رایگەیاند، ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق تێکەڵی ململانێی سیاسی نابن، دەشڵێت، توندترین سزای ھەر ئەفسەرێک دەدەن کە سەرپێچی رێنماییەکان بکات.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێز چەکدارەکانی عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، مستەفا کازمی فەرماندەی گشتیی ھێز چەکدارەکان، جەختدەکاتەوە لە تێکەڵنەبوونی ھێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە ململانێ سیاسییەکان و نەبوون بە بەشێک لە ناکۆکییەکان، فەرمانیشیکردووە بە توندترین سزای یاسایی لە دژی ھەر ئەفسەرێک، کە سەرپێچی رێنماییە نەگۆڕەکان لەو بارەیەوە بکات.
جەختیشی لە پێویستی گرتنەبەری ئەو رێکارانە و سزادانی سەرپێچیکارەکان لەسەرجەم یەکە ئەمنی و سەربازییەکان کردەوە.
وتیشی، مستەفا کازمی جەختدەکاتەوە لە رێگریکردن لە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی ھەر راگەیاندراوێکی سیاسی یان بەزاندن و پابەندنەبوون بەچوارچێوە سەربازیی و ئەمنییەکەی دامەزراوەکە.