ئێستانیوز-
وەزیری سەدر، پێکهاتەکانی دەسەڵات بە “شەلاتی” ناودەبات و دەڵێت، پەرلەمان سوێندەکەی نەبردەسەر. بە گوتەی وەزیرەکەی سەد هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە لە سەرۆکوەزیران دەکرێت و “ئەوانە دەیانەوێت حکومەتێک پێکبهێنن، تاوەکو ئەو بەشەیش بفرۆشن، کە لە عێراقدا ماوە.”
ساڵح محەممەد عێراقی، وەزیرەکەی سەدر لە نوێترین تویتیدا دەڵێت، “پەرلەمان سوێندەکەی نەبردەسەر و نەیتوانی ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، لەو پەرلەمانەدا پەرلەمانتار هەن بەشێکیان حیزبین، جگە لە بەرژەوەندیی حیزبەکەی یان تائیفەکەی، هیچ شتێکی دیکەی ناوێت، هەندێکیان (سەربەخۆن) کە دۆخەکە (دەقۆزنەوە).”
لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا باسی سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان دەکات و دەڵێت، “سەرۆکوەزیرانێک، کە بە کاربەڕێکەر ناوی دەبەن.. هەڕەشەی لێدەکرێت و چاوی لێ سووردەکرێتەوە، بێ بودجەیە، کە لەو رێگەیەوە بتوانێت ئەرکەکەی بەجێ بگەیێنێت. بەشێک لە وەزیرەکان گەندەڵن و بەشێکیان هیچ دەسەڵاتێکیان نییە.”
لەبارەی دۆخی وڵات و خزمەتگوزارییەکان وەزیرەکەی سەدر باسی لەوە کردووە، “نە ئاسایش هەیە، نە پەیوەندیی دیپلۆماسیی هاوسەنگ، نە سەربەخۆیی، نە تەندروستی، نە پەروەردە، نە کشتوکاڵ، نە پیشەسازی و نە کار، نە رێگە، نە پرد، نە گەشتی ئاسمانی، نە داد.. برسێتی و وشکەساڵی لە وڵات بڵاوبووەتەوە.”
رۆژی یەکشەممە لایەنگرانی رەوتی سەدر چوونە بەردەم باڵەخانەی دادوەری و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیان کرد، بەوهۆیەوە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دادگەی باڵای فیدراڵی کارەکانیان راگرت.
ساڵح محەممەد عێراقی، لە تویتەکەیدا هێرش دەکاتە سەر دادگە و دەڵێت، “دادگەیەک بەهۆی ترسەوە، یان بۆ بەرژەوەندیی خۆی، گەندەڵیی پشتگوێخستووە، چاوپۆشیی کرد لە بەڵگە و دەنگ و دیمەنە ڤیدیۆییە دزەپێکراوەکان، نەوجەوانێکی لەسەر دزینی (کلێنیکس) دەستگیر کردووە.. چی چاوەڕوانییەک لە یاسایەک دەکرێت، کە لەسەر منداڵ و هەژاران جێبەجێ دەکرێت و لەسەر گەندەڵ و پاشکۆ و میلیشیاکان جێبەجێ ناکرێت؟” هاوکات سەرۆککۆماری عێراقیش بە “بێ دەسەڵات” ناودەبات.
هەروەها هێرش دەکاتە سەر حیزبەکان بە “شەلاتی” ناویان دەهێنێت و دەڵێت، “کۆمەڵە حیزبێک کە جگە لە بەهێزکردنی هەژموونیان، هیچ خەمێکی دیکەیان نییە، دوورن لە خۆشەویستیی نیشتمان، بێئاگان لە خەمی گەل، تەنانەت ئەو گەلەی چەپڵەیان بۆ لێدان و دەنگیان بۆ دان، لەسەر وروژاندنی تائیفەگەری دەژین، نە چاکە و نە چاکسازییان لێ چاوەڕێ ناکرێت، هەرگیز نە سزای ئەندامەکانیان داوە و نە سزاشیان دەدەن. ئەمانە پێکهاتەکانی دەسەڵات (شەلاتین)، باشە چۆن دەیانەوێت خەڵک رێزیان لێ بگرن؟”
لایەنگرانی رەوتی سەدر زیاتر لە 25 رۆژە مانیان گرتووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن، لە کاتێکدا لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی سوورن لەسەر پێکهێنانی حکومەت و دەڵێن، ناچنە نێو هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەخت کە ئەم حکومەتەی ئێستا سەرپەرشتیی بکات.
وەزیری سەدر دەڵێت، “ئەوان دەیانەوێت حکومەتێک پێکبهێنن، تاوەکو ئەو بەشەی کە لە عێراق ماوە، ئەویش بفرۆشن و بەشەکەی دیکەش لە سامان و خێروبێرەکەی تاڵان بکەن و تاوەکو ئەوانەش ملکەچ بکەن، کە تائێستا ملکەچیان نەبوون.”