عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: هه‌ولێر له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه‌، بیر له‌ شه‌قامی 180 مه‌تری مه‌كه‌نه‌وه‌

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، كه‌مبونه‌وه‌ی ئاوی ژێر زه‌وی و نه‌بونی ئاوه‌ڕۆ و ئه‌گه‌ری دروستبونی لافاو گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌ر شاری هه‌ولێر، بۆیه‌ به‌ر له‌چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شانه‌ نابێت به‌بێ پلان بیر له‌ دروستكردنی شه‌قامی 180 مه‌تری بكرێته‌وه‌.

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له‌ په‌یامێكدا له‌ ژێر ناوی (هه‌ولێر له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه‌ بیر له‌ شه‌قامی 180 مه‌تری مه‌كه‌نه‌وه‌) نوسیویه‌تی، “شه‌قامی 120 مه‌تری جوانه‌ و سودیشی زۆره‌ بۆ خه‌ڵك به‌ڵام ده‌زانی ته‌نیا دو پارچه‌ زه‌وی سه‌ر ئه‌م شه‌قامه‌ له‌ ده‌یان پارچه‌ زه‌وی به‌هاو قازانجی بۆ دو ده‌ستڕۆشتو (به‌ناوی خۆیان نیه‌) 14 هێنده‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ 120 مه‌تری خه‌رجكرا، پرۆژه‌ی پاڤیلۆن 680 دۆنم به‌رامبه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ قازانجی (یه‌ك ملیارو 616 ملیۆن دۆلاره‌، زانیارییه‌ به‌رده‌سته‌كان پێمان ده‌ڵێن، له‌دواده‌رخسته‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ 71 بیری ئیرتیـوازی لێده‌درێت، پرۆژه‌ی Erbil hills، پشتی ماڵی سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌تاوه‌كو ڕێگای به‌حركه‌، زیاتر له‌ 13 ملیۆن مه‌تره‌و به‌هاكه‌ی نزیكه‌ی شه‌ش ملیار دۆلاره‌”.
راشیگه‌یاندوه‌، “كه‌مبونه‌وه‌ی ئاوی ژێر زه‌وی گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌ولێر، جگه‌ له‌ باخ (مه‌زرعه‌)، پرۆژه‌كانی نیشته‌جێبون، گه‌وره‌ترین مه‌ترسیه‌ بۆ هه‌ولێر هه‌زار و 223 بیر له‌ نێو پرۆژه‌كانی نیشته‌جێبون لێدراون و قوڵی بیریان گه‌یاندوه‌ته‌ نزیكه‌ی 700 مه‌تر، زیاتر له‌ 50 هه‌زار یه‌كه‌ی دیكه‌ی نیشته‌جێبون به‌ڕێوه‌یه‌ چه‌ند ساڵێكی دیكه‌ نه‌مانی ئاوی ژێر زه‌وی گه‌وره‌ترین گرفت و مه‌ترسیه‌ له‌سه‌ر هه‌ولێر، به‌شێكی زۆری گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌ولێر سه‌رچاوه‌ی ئاویان بیره‌”.
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ده‌شڵێت، “كێشه‌ی نه‌بونی ئاوه‌ڕۆ، مه‌ترسی لافاو، دو مه‌ترسی گه‌وره‌ن له‌سه‌ر هه‌ولێر، پێویستی به‌ چاره‌سه‌ره‌، چه‌ندین گه‌ڕه‌ك و كۆمه‌ڵگای هه‌ولێر پێوستی به‌ خزمه‌تگوزاری ڕێگاوبان و ئاوه‌ڕۆیه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و 35 ملیار دیناره‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت ته‌رخانی كرد بۆ مه‌ترسییه‌كانی لافاو هه‌ر هه‌موی له‌ “زۆنی زێڕ” و باكوری ھه‌ولێر خه‌رجكران”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، “چه‌ندین ڕێگای سه‌ره‌كی كه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌ به‌ هه‌ولێره‌وه‌ پێویستی به‌ شه‌قامی دو سایده‌و ئێستا زۆر خراپه‌… له‌وانه‌ شه‌قلاوه‌-چۆمان، هه‌ولێر -كۆیه‌، هه‌ولێر – سماقوڵی، هێشتا به‌شی هه‌ره‌ زۆری 150 مه‌تری كاری تێدا نه‌كراوه‌ تاوكو بیكه‌ن به‌تاوه‌ڕۆ هێنده‌ی دیكه‌ گرفتی ئاو دروستبكات، باسی شه‌قامی 180 مه‌تری ده‌كرێت، بۆیه‌ نابێت بیر له‌ شه‌قام بكرێته‌وه‌ بۆ تاوه‌رو پرۆژه‌ی نیشته‌جێبون به‌بێ پلان”.

پەیوەندیدار