وەزیری دەرەوەی ئەمریكا: داوا لە ئێران دەکەین کۆتایی بە سەرکوتکردنی ژنان بهێنێت

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی خۆی لەبەرامبەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەردەبڕێت و داوا لە حکومەتی ئێران دەکات کۆتایی بە سەرکوتکردنی سیستیماتیکی ژنان بهێنێت.

رۆژی سێشەممە 20-9-2022 ، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تویتەر لەبارەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی نوسیویەتی “ئەمریکا و خەڵکی ئێران خەمبارن بۆ گیانلەدەستدانی مەهسا [ژینا]. داوا لە حکومەتی ئێران دەکەین کۆتایی بە سەرکوتکردنی سیستماتیکیی ژنان بهێنێت و رێگە بە خۆپێشاندانی ئاشتییانە بدات.”

لە ژمارەیەک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، دووکان و بازاڕ داخراون و کەشی ئەمنی زاڵە.

لە شارەکانی سنە، سەقز، مەریوان، بانە، دێولان، سەوڵاوا، کامێران، مهاباد، بۆکان، پیرانشار، شنۆ و نەغەدە زۆربەی دووکان و بازاڕەکان داخران. لەنێو شاری کرماشان و شارەکانی دیکەی ئەو پارێزگایەش مانگرتنی گشتی بەڕێوەدەچێت. هەروەها لەنێو شاری ئیلام و چەند شارێکی دیکەی پارێزگاکەش، بەشێک لە خەڵک دووکان و بازاڕەکانیان داخستووە.

هاوکات دوێنێ دووشەممە لە چەند شار و شارۆچکەیەکی لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکردووە و لە شارەکانی سنە و دیواندەرە پێکدادان لەنێوان خەڵک و هێزەکانی ئێران روویدا.

بەهۆی خۆپێشاندانەکان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، تاوەکو ئێستا بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 75 کەسیش برینداربوون.

ژینا ئەمینی ئێوارەی رۆژی سێشەممە 13-09-2022 لە وێستگەی حەقانیی میترۆی تاران لە لایەن پۆلیسی تارانەوە بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی دەستبەسەرکرا و دواتر بۆ گرتووخانەی پۆلیس لە شەقامی وەزیرانی تاران گوێزرایەوە. ئەو کەسانەی لەگەڵ ژینا دەستبەسەرکرابوون بە میدیاکانیان راگەیاندووە، لە کاتی گواستنەوەی بۆ گرتووخانە، هێزەکانی پۆلیس لە ژینایان داوە و لە گرتووخانە دۆخی تەندروستی تێکچووە و بەو هۆیەوە جەڵتەی دڵ و مێشک لێی داوە و  دوای سێ رۆژ گیانی لەدەستداوە.

پەیوەندیدار