سوپای پاسداران: ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە مەرج رادەگرین

سوپای پاسداران هێرشەکانی بۆسەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستان رادەگرێت و دەڵێت، ئەگەر رێگری لە چالاکیی “حیزبە جیاخوازەکان”ی دژی کۆماری ئیسلامی بکرێت، ئاگربەستەکە بەردەوام دەبێت.

رۆژی یەکشەممە، 9ـی ئۆکتۆبەری 2022، میدیای نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، لە بەیانیی ئەمڕۆوە هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆسەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو باشووری کوردستان راگیراوە و دەستپێنەکردنەوەی پەیوەندی بە مامەڵەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

میدیای نزیک لە سوپای پاسداران لە زاری سەرچاوەیەکەوە دەڵێت، ئەگەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان رێگە لە چالاکیی “حیزبە جیاخوازەکان”ی دژی ئێران بگرن، ئاگربەستەکە بەردەوام دەبێت، ئەگەرنا جارێکی دیکە سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆن دژی ئەو گرووپە “دژبەران”ـە دەستپێدەکاتەوە.

کاتژمێر 4:00ـی رۆژی شەممە، 24ـی سێپتەمبەری 2022، هێزی زەوینیی سوپای پاسداران دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی دژی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیاند و داوای لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد لە بنکە و بارەگای ئەو حیزبانە دوور بکەنەوە.

هێزی زەوینیی سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا رۆژی 24/09/2022 گوتی، دوای دەستدرێژییەکانی “گرووپەکانی دژبەری شۆڕش” لە رۆژانی رابردوودا دەست بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و تۆپبارانی بنکە و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن.

دوای چوار رۆژ لە راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنەکە، سوپای پاسداران کاتژمێر 10:34ی رۆژی چوارشەممە 28/09/2022 بە “73 مووشەک و دەیان درۆن” هێرشی کردە سەر قەڵای دیموکرات و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئەنجامدا 17 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 کەسیش برینداربوون.

سوپای پاسداران دەڵێت، هۆشداریی دراوەتە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کە هەر بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان یان کۆنسوڵ و فەرمانبەرانی کۆنسوڵخانەکانی وڵاتان سەردانی بنکە و بارەگای ئەو حیزبانە بکەن و هەر رووداوێک رووبدات، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەرپرسن.

هێرشەکەی سوپای پاسداران هاوکات بوو لەگەڵ ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان بەرامبەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران رۆژی 17/09/2022 داوایان لە خەڵک کرد مانبگرن. حکومەتی ئێران حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هاندانی خەڵک بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندان تۆمەتبار دەکات و وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران دوو رۆژ لە دوای مووشەکبارانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا گوتی، 77 ئەندامی حدکا، کۆمەڵە، پژاک و پاکیان دەستگیرکردووە کە سەرقاڵی دارشتنی “پیلان” دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون.

پەیوەندیدار