هۆشدارییەكی توند لە روسیاوە

ئەلێكساندەر فینیدیكتۆف جێگری ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا هۆشداری دەدات لەوەی، ئەگەر ئۆكرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ، ئەوا جەنگی جیهانی سێیەم هەڵدەگیرسێت.

فینیدیكتۆف لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی “تاس”ی وڵاتەكەی وتوویەتی، ئەگەر ئۆكرانیا لە ئاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی ناسراو بە “ناتۆ” وەك ئەندام قبوڵ بكرێت، ئەو كارە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەم، ئۆكرانیا خۆشی باش مەترسی ئەو هەنگاوە دەزانێت.

رونیشیكردووەتەوە، وەك دیارە ئەوەی هەوڵی بۆ دەدەن بۆ دروستكردنی هەرای راگەیاندن و راكێشانی سەرنجە بۆ خۆیان، جەختی لەوەش كردووەتەوە كە خۆرئاوا بە هاوكاری كردنی ئۆكرانیا خۆی كردووە بە بەشێك لە كێشمەكێشەكان.

تاوەكو ئێستا ئۆكرانیا چەند جارێك داوای كردووە بكرێتە ئەندامی ناتۆ و لە چەند رۆژی رابردوشدا دوای ئەوەی ڤلادیمێر پۆتین واژۆی لەسەر بڕیاری لكاندنی بەشێك لە خاكی ئۆكرانیا بە خاكی وڵاتەكەیەوە كرد، جارێكی تر ڤلادیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا داوای كرد بەپەلە وڵاتەكەی بكرێتە ئەندامی ناتۆ.

پەیوەندیدار