سەرۆكوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە کوژرانی ھاووڵاتییەکی ئەمریکی پێکھێنا

حکومەتی عێراق لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە کوژرانی ھاووڵاتییەکی ئەمریکی پێکھێنا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش چاوەڕوانی روونکردنەوەی حکومەتی عێراقە لەبارەی رووداوەکەوە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی راسپاردووە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە دەزگا تایبەتمەندەکانی وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمییەکانی تر پێکبھێنێت و لێکۆڵینەوە بکەن لە رووداوی کوژرانی ھاووڵاتییەکی ئەمریکی لە شاری بەغداد.

ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو راپۆرتانەیان بەدەستگەیشتووە کە باس لە کوژرانی ھاووڵاتییەکی ئەمریکی لە بەغداد دەکەن، بەڵام تائێستا زانیاریان نییە و چاوەڕوانی راپۆرتی تایبەتن لەبارەی رووداوەکەوە.

شەوی رابردوو لە ناوچەی کەڕادەی شاری بەغداد کەسێکی بە رەگەز ئەمریکی بە ناوی”ستیڤن ترول”، کە مامۆستای زمانی ئینگلیزی بووە کوژرا، ھاوکات لەگەڵ کوژرانی ئەو ھاووڵاتییە ئەمریکییە، ھێزەکانی کەنەدا ئاشکرایان کرد، کاپتن “ئیریک چیونگ” لێپرسراوی جێبەجێکار لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ھێزەکانی ھاوپەیمانان، رۆژی شەممەی رابردوو لە رەوشێکی “ناڕوون”دا لە بەغداد گیانی لەدەستداوە و لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری گیان لەدەستدانی دەستیپێکردووە.

ستیڤن ترول ئەو هاوڵاتییە ئەمریكییەی كە لە ناوچەی کەڕادەی شاری بەغداد کوژرا

پەیوەندیدار