سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدەدات لە بردنەوەی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس

سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدەدات لە بردنەوەی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی یەکەم بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا کە تێیدا دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران زۆرینەن و لە ئەنجوومەنی پیرانیش پەنجا بە پەنجان.
بایدن لە بەردەم ئاپۆرای لایەنگرانی لە زانکۆی بۆوی لە دەرەوەی واشنتن کە زانکۆیەکی تایبەت بە رەشپێستەکانە رایگەیاند، دیموکراسی لە ئەمریکا لە مەترسیدایە و ئەم ساتەوەختەشی بە “گونجاو بۆ بەرگریکردن” لێی وەسفکرد، ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ سێشەممە هەڵبژاردنی نیوەی یەکەم بەڕێوەدەچێت و دیموکراتەکان ترسیان هەیە کۆمارییەکان لە یەکێک یاخود لە هەردوو ئەنجوومەنەکەی کۆنگرێس ببنە زۆرینە.

قسەکانی بایدن وای دەردەخەن کە هێشتا لە کۆمەڵگەی ئەمریکدا ناکۆکی و دابەشبوونێکی قوڵ هەیە و چاوەڕوان دەکرێت لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا رەنگدانەوەی هەبێت.

بەشێک لە شارەزایانی سیاسی کە سەر بە هیچ کام لە کۆماری و دیموکراتەکان نین، پێشبینی دەکەن کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە 435 کورسی، 25 کورسییان زیادبکات، کە ئێستا 212 کورسییان هەیە و دیموکراتەکانیش 220 کورسییان هەیە، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی ببنە زۆرینە، هاوکات لە ئەنجوومەنی پیرانیش کورسیێک ببەنەوە کە ئەوکاتە ئەوان دەبنە 50+1 و لەوێش دەبنە زۆرینە.

کۆمارییەکان دەڵێن، لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا نرخی کاڵاکان بەرزبووەتەوە و رێژەی تاوان و تاوانکاری زیادیان کردووە، ئەم بابەتانەش بەلای خەڵكی ئەمریکا و بەتایبەتی دەنگدەران جێگەی خەم و نیگەرانین.

هەڵبژاردنی نیوەی یەکەمی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک بەربژێر پاڵپشتیی قسەکانی ترەمپ دەکەن گوایە هەڵبژاردنی 2020 ساختەکاری تێداکراوە و دەکرێت ژمارەیەک لەو بەربژێرانە ببنە پارێزگار یاخود بەرپرسی هەڵبژاردنەکان لە هەندێ ویلایەتی یەکلاییکەرەوە کە ئەگەر ئەمە رووبدات، ئەو بەربژێرانە رۆڵێکی کاریگەریان دەبێت لە هەڵبژاردنی 2024 کە دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی خۆبەربژێرکردنەوە دەکات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کە چوار ساڵی حوکمڕانی مژار هەڵگربوو، بەتایبەتی کە لە 6ـی کانوونی دووەمی 2021دا لایەنگرانی هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا، بانگەشەی ئەوە دەکات بۆ هەڵبژاردنی 2024 خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا بەربژێردەکاتەوە.

ترەمپ لە بانگەشەیەکی چڕوپڕدا لە ئۆهایۆ رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە لە ویلایەتی فلۆریدا هەڵوێستی خۆی لەسەر بابەتی خۆبەربژێرکردنەوەی ئاشکرادەکات.

بایدن لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دوو ساڵی رابردوویدا ژمارەیەک پڕۆژە و بەڵێنی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی جێبەجێکردن وەکو گرنگیدان بە ژێرخانی ئەمریکا و هەروەها کارکردن لەسەر بەرەوپێشبردنی وزەی پاک، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، زۆرینەی ئەمریکییەکان گلەیی و گازندەیان لە سەرکردایەتییەکەی هەیە. بە گوێرەی راپرسیێک کە لەلایەن سەنتەری راپرسی رۆیتەرز و ئیپسۆس کراوە، تەنیا 39٪ـی ئەمریکییەکان کارەکانی بایدن پەسند دەکەن.

ئەم پەسندکردنە لەوانەیە کاریگەری لەسەر رای دەنگدەر لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا هەبێت. رۆژی دووشەممە بایدن لە ماریلاندی زۆرینە دیموکرات گوتارێکی پێشکێشکرد کە تێیدا “ویز موور”ـی دیموکرات خۆی بۆ پۆستی حاکمی ویلایەتەکە بەربژێر کردووە، ماریلاند یەکێکە لەو ویلایەتانەی چاوەڕوان دەکرێت بکەوێتەوە دەست کۆمارییەکان کە جاران لەدەست ئەواندابوو.

ئەگەر کۆمارییەکان ئەنجوومەنی پیران یاخود نوێنەران ببەنەوە، ئەگەری زۆرە کۆتایی بە هەوڵەکانی بایدن بهێنن کە دەیەوێت مافی لەباربردنی منداڵ سەربخات، پرسێک دەمێکە کۆمەڵگەی ئەمریکای بەسەر دووبەرەدا دابەشکردووە. بایدن چەندین کار و بەرنامەی دیکەی هەیە، کە بە لەدەستدانی یەکێک لە دوو ئەنجوومەنەکەی کۆنگرێس یاخود هەردووکیان، شکست بە ئامانجەکانی دێت، یەکێک لە ئەگەرەکان لەدەستدانی ئەو کەسانەیە کە بایدن بۆ پۆستی دادوەری لە ویلایەتەکان بەربژێری کردوون.

ئەگەر کۆمارییەکان زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران مسۆگەر بکەن، بە نیازن دەست بە قەرزی فیدراڵییەوە بگرن کە بایدن دەیەوێت بۆ بەرەوپێشبردنی پلان و بەرنامەکانی بەکاری بهێنێت، پرسی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرنامە کۆمەڵاتییەکان دوو ئامانجی ئیدارەی بایدنن.

کۆمارییەکان هاوکات هەوڵیش دەدەن کەمکردنەوەی باجەکان کە ترەمپ لە 2017 کردی، بیکەنە بەرنامەیەکی هەمیشەیی و پارێزگاریش لە کەمکردنەوەی باجی سەر کۆمپانیاکان بکەن کە دیموکراتەکان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە هەردوو ئەنجوومەندا زۆرینەبوون، نەیانتوانیوە هەڵی بووەشێننەوە.

ئەگەر کۆمارییەکان لە کۆنگرێس ببنە زۆرینە، دەتوانن پاڵپشتیی دارایی بۆ ئۆکراینا سنووردار بکەن، بەڵام لەوانەیە پڕچەککردنی کیێڤ کەمبکرێتەوە نەوەک بەتەواوی بوەستێندرێت.

ترس لە گرژی و ئاڵۆزی لەکاتی هەڵبژاردندا

میدیای ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە کە لایەنگرانی ترەمپ پشتئەستوور بە تۆمەتەکانی کە گوایە هەڵبژاردنی 2020 ساختەکاری تێداکراوە، هەڕەشە دەکەن و کارمەندانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن هەراسان دەکەن.

هێرشی 28ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بۆ سەر هاوژینی نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، گومانی زیاتری تووندوتیژی سیاسی لە ئەمریکا دروستکردووە. رۆژی دووشەممە. ترەمپ لە بانگەشەکەیدا لە ئۆهایۆ، نانسی پیلۆسی بە “ئاژەڵ” ناوبرد.

بەڵام هەمان رۆژ کۆشکی سپی رەتیکردەوە کە هێزە ئەمنییەکانیان هیچ هەڕەشەیەکیان تۆمارکردبێت کە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەبێت. وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاندووە کە لە 64 شوێنی جیاواز لە سەرتاسەری وڵاتەکە چاودێریی پرۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەکات.

کۆمارییەکان دەڵێن، 1.9 تریلیۆن دۆلار لە پاکێجە داراییەکەی بایدن بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و هەروەها هەوڵەکانی بۆ پەرەدان بە وزەی پاک بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لە وڵاتەکەدا.

دیموکراتەکان لە ماوەی رابردوو کامپەینێکی چڕوپڕیان بۆ سەرخستنی مافی لەباربردنی منداڵ کردووە، بەڵام لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵزەقینەوەیەکی گەورە روویدا کاتێک دادگەی باڵای ئەمریکا کۆتایی بە مافی لەباربردن لە سەرتاسەری وڵاتەکە هێنا.

بەگوێرەی بەرنامەی چاودێریی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، تاوەکو ئێستا 43 ملیۆن ئەمریکی چ بە ئیمەیڵ بێت یاخود لە وێستگەکانی دەنگدان، دەنگی خۆیان داوە.

چاودێران پێشبینی دەکەن چەند رۆژێک تاوەکو چەند هەفتەیەکی بووێت تاوەکو ئەنجامی هەڵبژاردن رادەگەیێندرێت و دەردەکەوێت کۆنگرێسی ئەمریکا بەدەست کێ دەبێت.

تائێستا تانەیەکی وا لە هیچ وێستگەیەکی دەنگدان نەدراوە و کێشەیەکی بەرچاویش لە پرۆسەی دەنگدان تۆمارنەکراوە.

لە جۆرجیا نەبێت کە ویلایەتێکی پڕ لە کێبڕکێی نێوان کۆماری و دیموکراتەکانە کە لە کۆب کاونتی، بەرپرسان رازیبوون دەنگدان تاوەکو 14ـی تشرینی دووەم بۆ 716 دەنگدەر درێژبکەنەوە، کە دەڵێن کارتی دەنگدانیان پێنەگەیشتووە.

هەندێک لەوانەی کارتی دەنگدانیان پێنەگەیشتووە کە ویستوویانە بە ئیمەیڵ دەنگبدەن، بڕیارە خۆیان بڕۆن بۆ وێستگەکانی دەنگدان و دەنگبدەن.

پەیوەندیدار