لە چەند رۆژی داهاتوودا پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 ئامادە دەبێت

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەکی هاوبەشی وەزارەتەکەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کاریان لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی 2023 کردووە و زیاتر گرنگی بە پڕۆژە تەواونەکراوەکان دراوە و لە چەند رۆژی داهاتووشدا بودجەکە ئامادە دەبێت.

عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند: لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتەکەی و وەزارەتی دارایی پکهێندراوە بۆ داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی 2023 و کۆبوونەوەی بەردەوامیان هەیە، گوتیشی: “ئامادەکردنی پڕۆژەیاساکە کراوەتە دوو بەش، ئەوەی پەیوەندارە بە بودجەی بەکاربردن، وەزارەتی دارایی کاری لەسەر دەکات و ئەوەشی پەیوەندیدارە بە بودجەی وەبەرهێنان لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە دیاری دەکرێت”.

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرایکرد، کە وەزارەتەکەی پڕۆژەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی دیکەی وەرگرتووە بۆ ساڵی داهاتوو، دواتر لە بودجەکەدا بڕیاری لەبارەوە دەدات، بەڵام گوتی: “لەم بودجەیەدا پێشینەی کارەکانمان بۆ ئەو پڕۆژانە دەبێت کە تەواو نەکراون و پەکیان کەوتووە یان درێژخایەنن”.

رۆژی 28ی تشرینی دووەمی 2022، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی کرد بوو لەماوەی یەک هەفتەدا پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی 2023 ئامادە بکەن.

عەبدولزەهرە هینداوی گوتی: “ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی 2023 لە قۆناخی کۆتاییدایە و لەچەند رۆژی داهاتوودا تەواو دەکرێت، بۆ ئەوەی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت، لەبری بودجەی 2022 کە ساڵەکەی کۆتایی هاتووە”.

بەهۆی دواکەوتنی پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق، پڕۆژەیاسای بودجەی 2022 پەسند نەکرا، هەرچەندە رەشنووسی پڕۆژەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتەکەی مستەفا کازمی ئامادەکرابوو.

بودجەی 2023 گەورەترین بودجە دەبێت لە مێژووی عێراقدا

قەبارەی بودجەی ساڵی داھاتووی عێراق دەگاتە نزیکەی 135 ملیار دۆلار، ئەوەش بە گەورەترین بودجە لە مێژووی عێراق دادەنرێت.
جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، نرخی نەوت لە یاسای بودجەی ساڵی 2023ی عێراقدا، بە 75دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک دیاری دەکرێت، تێکڕای داھاتی نەوتیی بۆ ساڵێک، دەگاتە 102 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار، ھەروەھا داھاتی نانەوتی بە نزیکەی 8 بۆ 10 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەوەش لەسەر بنەمای داھاتەکانی ئێستا، قەبارەی بودجەی گشتیی ساڵی داھاتوو، لە نێوان 125 ملیار بۆ 135 ملیار دۆلار دەبێت.
جەمال کۆچەر راشیگەیاند، بودجەی ساڵی داھاتوو گەورەترین بودجە دەبێت لە مێژووی عێراقدا، جەختیشیکردەوە، کە پێویستە حکومەت لەم مانگەدا رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکات، بۆئەوەی بە زووترین پەسەند بکرێت.

پەیوەندیدار