حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، “درەنگانی ئەمشەو، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بە مووشەک و درۆن چەند بنکەیەکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی لە نزیک کۆیە و جێژنێکان کردە ئامانج. بەهۆی ئەو هێرشە مووشەکییە نوێیەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب بەداخەوە پێشمەرگەیەک بە ناوی بێهزاد ئیسکات شەهید بوو. هەر بەپێی هەواڵەکان لەو هێرشە مووشەکییەدا بنکەکانی کۆمەڵە لە زڕگوێز لە نزیک سلێمانیش بە درۆن لێی دراوە.”
حدکا دەڵێت، “هێرشی مووشەکیی نوێی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دیموکرات لە حاڵێکدایە کە پێشتر لە رۆژی 14ی ئەم مانگە، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەزاندنەوەی هەموو پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکان بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی بە مووشەک بەئامانج گرتبوو کە ئەم هێرشە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگە. هەروەها لە رۆژی 28ی 9ی 2022 کە بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی بەئامانج گرتبوو، نۆ کەس شەهید بوون کە سێ کەس لەوان ژن و منداڵ بوون.”