بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، بکوژی نیزام منارەیان دەستگیرکردووە کە هاوڕێیەکی نزیکی خۆیەتی. كەس وكارەكەشی داوادەكەن بکوژەکەیان رادەست بکەن و دەڵێن: “خوێنێ نیزام بە خۆڕایی ناڕوات.”
کاتژمێر 2:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 06-12-2022 دانیشتوویەکی شاری هەولێر بە ناوی نیزام ناسر، ناسراو بە نیزام منارە، کوژرا.
عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، بە هەوڵەکانی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، “ئەمڕۆ بکوژی نیزام منارە دەستگیرکراوە.”
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بکوژەکە هاوڕێیەکی نزیکی کوژراوەکەیە و ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.
مەهداوی ئیسماعیل، مامی نیزام ئاماژەی بەوەدا ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی نیزام، هاوڕێیەکی نزیکی بووە، داوا دەکات تۆمەتبارەکەیان رادەست بکەن، گوتیشی تاوەکو تۆمەتبارەکەیان رادەست نەکەن، پرسە بۆ نیزام دانانێن.
نیزام ناسر، خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە، لە عەشیرەتی هۆرمزیارە.