ئەرجەنتین بۆ سێیەم جار لە مێژووی خۆیدا نازناوی جامی جیهانی بەدەستهێنا


لە مۆندیالى 2022، ئەرجەنتین بە لێدانى یەکلاکەرەوە لە فەڕەنساى بردەوە و بۆ سێیەم جار نازناوى جامى جیهانى بەدەستهێنا.
لە یارى کۆتایى جامى جیهانى 2022ى قەتەر، هەردوو هەڵبژاردەى ئەرجەنتین و فەڕەنسا لە یاریگاى لوسەیل ڕووبەڕووى یەکبوونەوە.
لە تایمى یەکەمدا ئەرجەنتین دەستپێشخەرى کرد و دوو گۆڵى لەسەریەکى لە خولەکەکانى 23 و 36دا لەلایەن لیۆنێل میسى بە لێدانى سزا و ئەنخیل دى ماریاوە تۆمارکرد و بە پێشکەوتنەوە کۆتایى بە تایمەکە هێنا.
لە تایمى دووەمدا، فەڕەنسا کۆنتڕۆڵى یارییەکەى کرد و لە ڕێگەى کیلیان مباپێوە دوو گۆڵى لەسەریەکى لە خولەکەکانى 80 و 81دا تۆمارکرد و کاتى یاسایى یارییەکەش بە یەکسانى و بە دوو گۆڵ بۆ هەردوولا کۆتایى هات.
لە تایمى یەکەمى زیادکراودا، میسى لە خولەکى 109دا گۆڵى دووەمى خۆى و سێیەمى ئەرجەنتینى تۆمارکرد، بەڵام جارێکى تر کیلیان مباپێ بە لێدانى سزا و لە خولەکى 117دا گۆڵى بەرامبەرى بۆ فەڕەنسا تۆمارکرد و یارییەکەش بە سێ گۆڵ بۆ هەردوول اکۆتایى هات.
دواتر ئەرجەنتین بە لێدانى یەکلاکەرەوە و بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ کێبڕکێکەى لە فەڕەنسا بردەوە و بۆ سێیەم جار لە مێژوویدا نازناوى جامى جیهانى بەدەستهێنا و نەیهێشت فەڕەنسا پارێزگارى لە نازناوەکە بکات، کە لە 2018دا بەدەستى هێنابوو.

پەیوەندیدار