دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران : له‌دوو ساڵدا 144 هه‌زار هاوڵاتى عێراق‌و هه‌رێم چونه‌ته‌ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌و داواى مافى په‌نابه‌ریان كردوه‌

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایده‌گه‌یهنێت، بەهۆی خراپی دۆخی سیاسی‌و ئابوری‌و کۆمەڵایەتی عێراق‌و هەرێم کۆچی هاوڵاتیان ڕوو لەزیادبونە، دەشڵێت، له‌دوو ساڵدا 144 هه‌زارو 550 هاوڵاتى عێراق‌و هه‌رێم چونه‌ته‌ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌و داواى مافى په‌نابه‌ریان كردوه‌.

باهۆز بەرزان نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران لەڕۆژی جیهانی پەنابەراندا له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانىدا ئاماری کۆچى هاوڵاتیانی عێراقی بەڕێگەی نایاسایی بڵاوکردەوە و ڕایگه‌یاند “بەهۆی ناسەقامگیریی باری سیاسی‌و ئابوری‌و کۆمەڵایەتی کە ساڵانێکە بەرۆکی ئەم ناوچەیەی گرتوە، ئێستاش دیاردەی کۆچ‌و ئاوارەیی لەعێراق‌و بەتایبەت هەرێمی کوردستان بونی هەیەو ڕوو لەزیادبونە”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد،بەداخەوە حه‌وت ساڵى ڕابردوو ساڵانێكی تراژیدیاو پڕ کارەسات بوە بۆ هاوڵاتیانی عێراق‌و هەرێمی کوردستان کە بۆتە هۆی ئاوارەبونی ملیۆنان هاوڵاتی‌و لەو ڕێگەیەشدا سەدان کۆچبەرو ئاوارە بەهۆی خراپی ڕێگه‌ی قاچاغ‌و ڕوداوی مرۆیی گیانیان لەدەستداوەو بەسەدان هاوڵاتیش لەکەمپ‌و گرتوخانەکاندا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەستبەسەرکراون‌و بەشێکیان توشی شڵەژانی دەرونی بون کە پێویستیان بەچارەسەرە”.

باسی له‌وه‌ش كرد،زیاتر لە71 هه‌زارو 225 کەس داوای مافی پەنابەریان کردوە لەوڵاتانی دەرەوە کە تەمەنیان لەسەروی 18 ساڵەوە بوە، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ له‌خوار ئه‌م ته‌مه‌نه‌وه‌ تۆمارناکرێن كه‌ چەندین کەسی دیكه‌ن‌و مافی پەنابەریان پێشکەشنەکردوە”.

نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران وتیشی ، “لەم ئامارەدا بەگوێره‌ى ئەو ژمارەی تۆمارکراوە 24 قوربانی هەبوە لەم ژمارەیەش 17 کەسیان گیانیان لەدەستداوەو حه‌وت کەسیشیان بێسەروشوێن بون‌و چارەنوسیان نادیارە”.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، “پێشکەشکردنی هاوکاری‌و کارئاسانی بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە بەڵگەنامەیان لەدەستداوە لەڕێگەی کۆچى نایاسایی کە ژمارەیان هه‌زارو 320 کۆچبەر بوەو گەڕاونەتەوە بۆ عێراق‌و هەرێمی کوردستان”.

نوێنەری دەزگای لوتکە ئەوەشی ڕونکردەوە، “سەرەڕای بونی هەموو کێشەکانمان‌و نەبونی پاڵپشتیەکی دارایی بەهێزو ڕاستەوخۆ، وەک دەزگای لوتکە بەردەوامبوین‌و لەکارکردن‌و خزمەتکردن‌و گەڕانەوەی پەنابەران لەدەرەوە لەسەر خواستی خۆیان‌و گەڕانەوەی تەرمی ده‌یان کۆچبەر کە لەو ڕێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە”.

پەیوەندیدار