تەم؛ زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە

تەم زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر داوا لە شۆفێران دەکات بەهۆی تەمەوە خێرایی کەمبکەنەوە.

رۆژی یەکشەممە، 8-1-2022، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی رایگەیاند، ئەو تەمومژەی ناوچەکەی گرتووەتەوە تاوەکو نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت و دواتر کۆتایی دێت و گوتیشی، لەوانەیە شەو جارێکی دیکە دەستپێبکاتەوە.

گوتیشی: “بارانبارین سبەی شەو کۆتایی دێت. سبەی تەنیا لە سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان بارانبارین تاوەکو شەو بە کەمی بەردەوام دەبێت و پلەی گەرماش لە نزمیدا دەمێنێتەوە”.

هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر گوتی، داواکارن شۆفێران بە خێراییەکی کەم و وریاییەوە شۆفێری بکەن، بەتایبەت لە رێگەی دەرەوەی شارەکان. فازڵ حاجی گوتیشی: “لە زۆربەی ناوچەکان تەم هەیە و مەودای بینین کەمە، ئەگەر شۆفێر لە رێگە تووشی قەرەباڵخی بوو، نابێت هەوڵی تێپەڕاندن بدات، بەتایبەت لە رێگە یەکسایدەکان”.

بەگوێرەی نوێترین ئاماری دەستەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بارانبارین لە 12 کاتژمێری دوێنێ شەممەوە بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:

هەولێر؛ 4.1 ملیمەتر
سلێمانی؛ 7.5 ملیمەتر
دهۆک؛ 2.1 ملیمەتر
کەرکووک؛ 2 ملیمەتر
هەڵەبجە؛ 0.6 ملیمەتر
خانەقین؛ 0.7 ملیمەتر
سۆران؛ 2.6 ملیمەتر
شەمامک؛ 5.2 ملیمەتر
پیرمام؛ 2.8 ملیمەتر
خەبات؛ 8 ملیمەتر
چەمچەماڵ؛ 2.3 ملیمەتر
بازیان؛ 2.8 ملیمەتر
دووکان؛ 4.4 ملیمەتر
هەڵشۆ؛ 2.6 ملیمەتر
زاخۆ؛ 0.4 ملیمەتر
ئاکرێ؛ 9 ملیمەتر
ئامێدی؛ 2.4 ملیمەتر
بامەڕنی؛ 3.6 ملیمەتر
کانی ماسێ؛ 1.2 ملیمەتر
مانگێش؛ 1.4 ملیمەتر

A: ZOZK

پەیوەندیدار