ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان لەبارەى پەیمانى ١٠٠ ساڵەى لۆزان بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتووە، ئەمساڵ ١٠٠ ساڵ بەسەر ئیمزاکردنی پەیماننامەی لۆزاندا تێپەڕئەبێت، کە تێیدا وڵاتی ئێمە پارچەپارچەکراو ئەو پەیمانە بۆ ئێمە بەڵگەی جینۆسایدکردنە و خەنجەرێکە لە دڵماندا، دەشڵێن، شنگال لەژێر هەڕەشەدای، پێوستە هەموو لایەنە کوردستانییەکان خاوەندارێتی لەشنگال بکەن و بیپارێزن.
دەقى ئەنجامنامەکە بەمجۆرەیە:-
رۆژی ١٥-١- ٢٠٢٣ کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان و کۆمیتەی کاروچالاکی سەدسالەی پەیمانی لۆزان لە ناوەندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ك ن ك لە برۆکسل کۆبووەوە. ئهم کۆبوونەوەیە هاوبهش بوو، ئهندامانی ههردوو کۆمیتە کۆبوونەوەو پێکهوه پلانی کارو چالاکیی هاوبهشیان داڕشت. بەپێی رۆژەڤی کۆبوونەوە سەرەتا رەوشی سیاسی کوردستان، بە تایبەتیش رووداوەکانی ئەم دواییەی رۆژهەلاتی کوردستان و ئێران، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باشوورو رۆژاوا، هەڵبژاردنەکانی باکور و تورکیا. کۆبوونەوەی تورکیاو روسیا و سوریا، دوایین گۆڕانکارییەکان لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها کاریگەریی هێزە جیهانییەکان لە ناوچەکەدا بە فراوانی باسکران. دواتر بە فراوانی وتووێژ لەسەر پلانی کاروچالاکی سەدساڵەی پەیمانی لۆزان کرا.
لە ئەنجامی وتووێژەکاندا ئەم خاڵانەی خوارەوە پەسەند کران:
یەکەم- ئەمساڵ ١٠٠ ساڵ بەسەر ئیمزاکردنی پەیماننامەی لۆزاندا تێپەڕئەبێت. سەد ساڵ پێش ئێستا لە کۆنفرانسیکی نێونەتەوەییدا وڵاتی ئێمە جارێکی دی پارچەپارچەکراو بەسەر چوار دەوڵەتی داگیرکەردا دابەشکرا. پەیمانی لۆزان بۆ ئێمەی کورد بەڵگەی جینۆسایدکردنە و خەنجەرێکە لە دڵی ئێمەدا. ئێمە وەک گەلی کوردستان بەهیچ شێوەیەک ئەو پەیمانە قبوڵ ناکەین و بەهەموو هێزی خۆمانەوە لەدژی ئەو بەڵگەیەی کە بەهۆیەوە تا ئێستاش کۆمەڵکوژ ئەکرێین، رائەوەستین. بۆئەوەی جارێکی دیکەش پەیمانامەی وەک ئەوەی لۆزان بەسەر ئێمەدا نەسەپێندرێت، پێویستە یەکڕیزی ناوخۆییمان بەهێزتر بکەین و دەنگی خۆمان بگەیەنینە هەموو دنیا. بۆ ئەو مەبەستە داوا لە هەموو دەزگا، پارت و رێکخراوی کوردستانی و هەموو گەلی کوردستان ئەکەین، پشتگیریی کۆمیتەی کارو چالاکی سەدسالەی پەیمانی لۆزان ببن و بەشداریی لە کارو چالاکیەکانیدا بکەن.
دووەم- دوای ئەوەی کە ژینا ئەمینی بە دەستی دەزگاکانی رژێمی ئێران بە ئەشکەنجە ژیانی لەدەستدا، چوار مانگە بە پێشەنگایەتی ژنان و بە درووشمی ژن ژیان ئازادی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرانسەری ئێران، لەدژی زوڵم و نادادپەروەریی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی بەردەوامە. لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکاندا بە دەیان کەس ژیانیان لەدەستداوەو بە سەدانیش بریندار بوون. هەزاران کەسیش راپێچی زیندانەکان کراون. ژمارەیەک لە دەستگیرکراوەکان بێسەروشوێنن و چەندین کەسیش حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
زیاتر لە ٤٠ ساڵە ئەو رژێمە ماف و ئازادیەکانی ژنان و گەلانی ئێرانی ژێرپێ ناوەو کەسانی ناڕازی سەرکوت دەکات و ئێرانی کردۆتە زیندانێکی گەورە. خەڵکی ئێران لە مێژە لەو دەسەڵاتە سەرەڕۆیە ناڕازاین و داوای ئازادی و دیموکراسی ئەکەن. ئەو راپەڕین و خۆپیشاندانانەی ئێستاش ئەنجامی ئەو ناڕازیبوونەن.
هەروەها کۆبوونەوە داخوازییەکانی خەڵکی ئێران بە داخوازی رەواو دیموکراتیک دەبیبنێت و پشتیوانیان لێدەکات. هەمانکات پەلاماردانەکانی رژێم بۆ سەر خۆپیشاندەران ئیدانە و مەحکوم دەکات.
کۆبوونەوە داوا لە هەموو هێزە کوردستانییەکانیش ئەکات لە نزیکترین دەرفەتدا بەرەیەکی ناوخۆیی لە دژی رأێم پێکبێنن و پێکەوە بکەونە کارو خەبات.
کۆبوونەوە داوا لە هەموو هێزە نەیارەکانی رژێمی ئێران دەکات پێکەوە بەرەیەکی هاوبەش درووست بکەن بۆ دامەزراندنی ئێرانێکی ئازاد و دیموکرات تێبکۆشن. هەروەها کۆبوونەوە داوا لە خەڵکی کوردو تەواوی ئێرانیەکانی دەرەوەی وڵات دەکات، لە خەڵکی راپەریوی ئێران خاوەن دەرکەون و پشتگیریی چالاکوانان بکەن.
سێیەم- دەوڵەتی تورکیا دوژمنی سەرەکی گەلی کوردستانە. لەسەرانسەری کوردستاندا لەدژی خەڵکی کوردستان لە هێرشکردندایە. لە ناوچەکەشدا جڵەوکێشی دەولەتانی داگیرکەری کوردستانەو لە جیهانیشدا لەدژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان لە کارو چالاکیدایە. ئەو دەولەتە رۆژ بە رۆژ سنووری داگیرکارییەکانی لە باشووری کوردستان زێدەتر ئەکات. ئەو هێرش و داگیرکارییانە هەر لە دەڤەرەکانی زاپ و مەتینا و ئاڤاشیندا نین، بەڵکو درێژبوونەتەوە بۆ باشیکە، شەنگاڵ، کەرکوک و مەخمورو هەتا چەمچەماڵ و کفری و کەلاری گرتۆتەوە. لەهەمان کاتدا رۆژانە پەلاماری رۆژاوای کوردستان ئەدات و خۆی بۆ داگیرکاریی زیاتر ئامادە ئەکات. ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی کوردستانە.
تورکیا لەشەری دژی گەریلاکانی کوردستاندا چەکی قەدەغەکراویی کیمیایی بەکاردێنێت. هەتا ئێستا چەندین گەریلا بە چەکی کیمیایی شەهید بوون. کۆبوونەوە داوا لە بەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراو دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکات لەدژی ئەم هەڵوێستە نامرۆڤانەیەی تورکیا بێدەنگ نەب، هەروەها داوا لە هەموو هێزە کوردستانییەکان دەکات لە دژی ئەو هێرش و داگیرکاریانەی دەوڵەتی تورکیا تێکۆشان بەهێز بکەن و بە یەکرێزی لەدژی راوەستن.
بە بەرخۆدانی قارەمانانەی هێزەکانی گەریلا لا مەتینا، زاپ و ئاڤاشین، پیلانەکانی دەوڵەتی تورکیا پووچەل کرانەوە و تورکیا ناچار کرا لە زۆرشوێن پاشەکشە بە هێزەکانی بکات. کۆبوونەوە پیرۆزبایی لە ئەو سەرکەوتنەی هێزی گەریلا دەکات و سڵاو بۆ بۆ گەریلاکانی ئازادیی کوردستان ئەنێرێت.
چوارەم-سەرانسەری عێراق لە دۆخێکی ئاڵۆز و نادیاردایە. ئەو بارودۆخە مەترسی بۆ سەر پێگەو قەوارەی کوردستان هەیە. بەگشتی عێراق لە ناو کۆمەڵێک قەیراندایە. زۆر لایەنی دەرەکی دەستیان لە کاروباری ئەو وڵاتەدا هەیە. دوای ئەوەی ساڵێک بە سەر هەڵبژاردنەکانی عێرقدا تێپەڕ بوو ، ئینجا حکومەت دامەزرا و سەرەککۆمار هۆڵبژێردرا. بەڵام هەر دیارا نییە دۆخەکە بەرەو کوێ ئەچێت. بەداخەوە لەو دۆخە نادیارەدا لایەنە کوردستانییەکانیش پەرتوبڵاون و یەکدەنگ نین. لە ئێستادا باسی دەستورێکی نوێ بۆ عێراق ئەکرێت. ئەگەر یەکدەنگ و یەکڕیز نەبین پێگەو قەوارەی فیدراڵیی هەرێم ئەکەوێتە ژێر هەڕەشەو مەترسییەوە.
دەستدرێژیەکانی تورکیا و ئێران ئاسایشی ناوچەکەیان خستۆتە مەترسییەوە. ناوچەدابڕاوەکانی باشووری کوردستان لەژێر گوشار و هەڕەشەدان. لە زۆر ناوچە دیمۆگرافیای ناوچەکە دەگۆڕدرێت. پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان ناکۆکییەکانیان بخەنە لاوە و بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردستان یەکڕیز و تەبا بن.
پێنجەم- شەنگاڵ لە زۆر رووەوە لەژێر هەڕەشەدایە. پێوستە هەموو لایەنە کوردستانییەکان خاوەندارێتی لەشەنگاڵ بکەن و بیپارێزن. پێویستە ناسنامەی ئێزدیاتی شەنگاڵ بپارێزریت. دیمۆگرافیای شەنگاڵ نەگۆڕدرێت و گەلی ناوچەکە خۆیان خۆیان بەڕیوەبەرن.
شەشەم- رۆژی 2022.11.13 دەوڵەتی تورکیا بە پیلانی میت و بە دەستی چەتە نۆکەرەکانی بۆمبایەکیان لە شەقامێکی ئەستەمبوڵ تەقاندەوە و چەندین کەس بوونە قوربانی. یەکسەر تورکیا ئەو تاوانەی خستە ئەستۆی بەریوەبەرایەتی خۆسەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و کردی بە بیانوو بۆ هێرشێکی فراوان بۆ سەر رۆژاوای کوردستان و داگیرکردنی. بەڵام پێلان و پڕۆژەی ئەو داگیرکارییە سەری نەگرت. ئێستاش تورکیا ئەیەوێت بە ناوبژیوانی روسیا لەگەڵ سوریا رێکبکەوێت و دەسکەوتەکانی کوردستانیان لەناوببات.
پێویستە رۆژاوای کوردستان و هەموو باکورو رۆژەڵاتی سوریا بپارێزرێت و چەترێکی پاراستنی نێونەتەوەیی بۆ رۆژاوای کوردستان دەستەبەر بکرێت. بۆئەوەی رۆژاوای کوردستان لە دەستدرێژیەکانی تورکیا بپارێزرێت و ناوچەکە ئارام بێت، بۆئەوەی هەرێمێکی دژە فڕین بۆ رۆژاوای کوردستان جێبەجێ بکرێت، پێویست بە خەبات و تێکۆشانێکی جدیی هەیە. هەروەها دەبێ هەموو هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر خاکی رۆژاو بکرێنە دەرەوە. کۆچبەران بگەڕینەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و چەترێکی پاراستنی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر سنوور درووستبکرێت. پێویستە ئەم بابەتە لە هەموو چاوپێکەوتنە دیپلۆماسییەکاندا بابەتێکی سەرەکی بێت.
22 مانگی تەواوە هیچ زانیاریەک لەبارەی دۆخی بەڕێز عەبدولا ئۆجەلانەوە لە زیندانەوە نەهاتووە. پارێزەرەکانی ئۆجەلان ئەڵێن ” ئێمە تەنیا بیستومانە کاتێک کە لیژنەی ئەوروپی بۆ رێگریکردن لە ئەشکەنجەدان و مامەڵەکردن یان سزای نامرۆڤانە ( س.پ.ت. ) سەردانی ئیمراڵیان کردووە، چاویان بە بەڕێز عەبدولا ئۆجەلان کەوتووە”. ئەمەش دۆخێکی مەترسیدارە. بێدەنگی س.پ.ت. و کۆنسەی ئووروپا قبوڵ ناکرێت. داوا لە ئەو دەزگایانە ئەکەین بە زووترین کات ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن. هەروەها ئێمە پشتگیریی کەمپینی ئازادکردنی ئۆجەلان ئەکەین. داوا لە هەموو کوردستانیان و دۆستانی کورد ئەکەین بەشداری ئەو کەمپینە ببن و بەهێزتری بکەن.
هەشتەم- ئێمە وەک کۆمیتە دیپلۆماسی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان و کۆمیتەی کاروچالاکی سەدسالەی پەیمانی لۆزان داوا لە هەموو پارت و رێکخراوە کوردستانییەکان دەکەین بەشداری کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان و کۆمیتەی کاروچالاکی سەدسالەی پەیمانی لۆزان ببن، هەتا پێکەوە کاری دیپلۆماسیی کوردستانیی و چالاکی دژی پەیمانی لۆزان بکەین.
لە دوا تەوەری کۆبوونەوەدا باسی ئەو کارو چالاکیانە کرا کە لە کۆبوونەوەی رابردووەوە تا ئێستا لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی کرابوون. دواتر پلانی کار داڕێژرا. لەهەمانکاتدا تەوەرێکی سەرەکی لەسەر هەڵسەنگاندن و پەرەپێدانی پلان بوو بۆ کارو چالاکیەکانی 100ساڵەی پەیمانی لۆزان.
کوردستان یەک وڵاتە، گەلی کورد خاوەنی مافی چارەی خۆنووسینە.
ئێمە پەیماننامەی پارچەکردنی کوردستان، پەیماننامەی لۆزان رەت ئەکەینەوە.
ژن، ژیان، ئازادی
کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان و کۆمیتەی کاروچالاکی سەدسالەی پەیمانی لۆزان
برۆکسل 2023.01.18