خوان لاپۆرتا: سەرۆکی رابیتەی یانەکانی خولی ئیسپانیا دژایەتی یانەكەمان دەکات

10:30:22/02/2023وەرزش

خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە لێدوانێکیدا وەڵامی لێدوانە توندەکانی تیباسی سەرۆکی رابیتەی یانەکانی خولی ئیسپانیای دایەوە کە وتبوی لاپۆرتا یان دەبێت دەست لەکاربکێشتەوە یان روونکردنەوە بدات لەسەر پێدانی بڕە پارەیەک بە یاریدەدەری سەرۆکی ناوبژیوانانی ئیسپانیا لەلایەن یانەکەیەوە.

لاپۆرتا دوپاتیکردەوە کە تیباس ترسێکی زۆری هەیە لە یانەی بەرشەلۆنە و هەموو کات دژایەتی یانەی بەرشەلۆنەی کردووە و لە ئێستاشدا بە تەواوی ئەو دەمامکەی لابرد کە دژایەتیەکەی شاردبوەوە.

لاپۆرتا وتی، تیباس لە ساڵی 2005یشدا دژی ئەوە بوو کە لیۆنێل میسی یاری بۆ بەرشەلۆنە بکات و لە ئێستاشدا دەستلەکار ناکێشمەوە و ناهێڵم هەست بە دڵخۆشی بکات .

وتیشی: تیباس دەیەوێت لە دوورەوە کۆنترۆلی یانەی بەرشلەۆنە بکات و بیکاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە بەڵام بەهیچ شێوەیەک ڕێگای پێنادەم و یەکێکیش لە هۆکارەکان ئەوەیە کە ئێمە و ریاڵ مەدرید رازینەبووین بە قبوڵکردنی ئۆفەرەکەی کۆمپانیای سی ڤی سی.

ئاماژەی بەوەشدا، وەک سەرۆکی یانەی بەرشەلۆنە رێگا نادات مێژووی یانەکەیان ناشرین بکەن و لە ماوەی داهاتووشدا هەموو شتێک رووندەکەنەوە و متمانەی تەواویان بە خۆیان هەیە کە هیچ هەڵەیەکیان نەکردووە.

پەیوەندیدار