سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەیشتە بەغداد و سبەینێش سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات.

بۆ یەکەمجار لە دوای شەش ساڵ، گۆتێرێس بە سەردانێک گەیشتە بەغداد و لەلایەن فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لێکرا.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، گۆتێرێس متمانەی خۆی بە توانای عێراقییەکان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، عێراقییەکان دەتوانن لە رێگەی دیالۆگی کراوە و گشتگیر بەسەر ئاڵنگارییەکاندا سەرکەون.

پشتیوانی خۆشی بۆ ھەوڵەکانی حکومەتی عێراق، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دووپاتکردەوە و ھیوای خواست عێراق داھاتوویەکی ئارام و گەشەکردووی ھەبێت و ببێتە خاوەنی دامەزراوەی دیموکراسی بەھێز.

ھەروەھا ستیڤان دوجاریک، وتەبێژی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئامانج لە سەردانەکەی گۆتێرێس بۆ بەغداد، دەربڕینی ھەماھەنگی و ھاودەنگییە لەگەڵ گەل و دامەزراوە دیموکراسییەکان و دووپاتکردنەوەی پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ عێراق لە ھەوڵەکانی بەھێزکردنی ئاشتی و بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ.

رونیشیکردەوە، گۆتێرێس لە بەغداد لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکە و نوێنەری رێکخراوەکان و کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەبێتەوە و رۆژی پێنجشەممەش کەمپێکی ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان، بەسەردەکاتەوە و دواتریش سەردانی ھەولێر دەکات.

پەیوەندیدار