بەختیار مستەفا
گەر بێت و چاوێک بەمێژووی گەلەکەماندا بخشێنینەوە ، ئەوا بەئاسانی چاومان بەسەدان راپەڕین و خەبات و قوربانی دان و بەرخۆدان دەکەوێت ، ناوی هەزارەها شەهید و بریندار بوون و لەسێدارەدان و سوتماککردنی خاک و وێرانکردنی هەزاران گوندو راگوێزانی دانیشتوان و بەعەرەب و تورک و فارس کردن و تەبعیس و سرینەوەی ناسنامەو تێکدانی دیمۆگرافیای نیشتیمانمان بەرچاو دەکەوێت تا بەکیمیاباران و ئەنفال و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی نێو دەوڵەتی دەگات ، ناوی جۆرەها لەجەلادی داگیرکارو بێبەزەیی و دڕندە دەبیستین … چەندین هاوشێوەی هۆلاکۆو جەنگیز خان و زەعیم سدیق و ملازم موحسین و هاوکات خۆفرۆشە کوردەکان دێتەوە بەرچاومان . ئەو سەردەمانەمان دێتەوە یاد کەهێشتنەوەی ریش و بەدەستەوەگرتنی تەسبیح ۆ کراسی رەش و گۆرەوی سپی و قژی درێژ قەدەغە بوون لەهەر سوچ و قوژبنێکی ئەم وڵاتە ، لەبن هەربەرد و درەختێک و لەهەر گەڕەکێکی شارو شارۆچکەکان و گوندەکان ، خوێندنگا ئامادەیی و پیشەییەکان و زانکۆکان ، زۆرێک لەشاخ و گردۆلڵکەو تولەڕێکان دەیان داستانی قارەمانانەو گیانبازی شۆرشگێڕانەو دڕندایەتی دوژمن و بۆردومان و کوشت و بڕی بەناحەق بەبیرمان دێتەوە . بێگومان راپەڕینی مەزنی گەلەکەمان درێژ کراوەی دەیان و سەدان راپەڕین و بەگژداچونەوەی قارەمانانەی جەماوەریانەی کوردسانیان بوو ، درێژ کراوەی نارەزایەتی و شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی گەلەکەمانە کەهەرگیز ماندو بوون و خۆبەدەستەوەدانی نەزانیوە .
5/ 3 / 1991 راپەڕینی دەفەری راپەڕین بووە سەرقافڵەی راپەڕینی شارو شارۆچکەکانی تری باشوری کوردستان تا گەیشتە ئەوەی بۆ یەکەمین جار لەمێژووی عێراقدا کەرکوک – ی شاری هەرە پیرۆزی کوردستان لەژێر چنگی رژێمی بەعس دەرهێندرا ، دوای کۆچی ملیۆنی گەلەکەشمان بەیەکڕیزی گلەکەمان و پشتیوانی هاوپەیمانان بۆ یەکەمین جار ناوچەی ئارام و دژە فڕین بۆ باشوری کوردستان دروستکرا کە بەبڕیاری 688 ناسراوە ، هەرچەندە نەتوانرا سەرجەم ناوچەکانی باشور بخرێتە سەر هەرێم بەڵام توانرا دەسڵاتێکی خۆماڵی دروست بکرێت و هەڵبژاردنێکی ئازادانە دیسان بۆ یەکەمینجار ئەنجامدرا و پاشتریش حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنرا … گەر وردتریش دیقەت بدەین زۆربەی بۆنە خۆش و ناخۆشەکانی گەلەکەمان ، سەرکەوتن و نوشستەکان ، ئازارەکان کەوتونەتە مانگی 3 یاخود ئازارەوە . هەرچۆنێک بێت لەڕاپەرینەوە هەتا ئەمڕۆمان هێناوە ، روخانی بەعسمان بینی ، لەناوچونی زۆرێک لەجەلادەکانی ئەم گەل و نیشتمانەمان بەچاوی خۆمان بینی … لەو چوارچێوەیەشدا بەهەزاران لەڕۆڵەکانی ئەم گەلە زۆرێک لەهاوڕێ و خزم و کەس و کارمان بەبەرچاوی خۆمانەوە گیانیان بەخشیە ئەم نیشتمانە پڕ لەزامە . هەر لەدوای راپەڕین و پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ، وتمان واز بێنن ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بەخەونی نەتەوەیمان بگەین و ئاسۆمان رون دەبێت ، ئیتر کورد پەندی لەهەڵەکانی رابردوو وەرگرتوەو هەڵەکان دوبارە ناکەنەوە ، ئەمجارەیان دەگەینە کەناری ئارام ، خوێنی شەهیدان و قوربانیەکانمان بەفیڕۆ نەچووە و سەرفرازی یەکجارەکی بەدەست دەهێنین ، ئیتر کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان دوجار ناچەوسێنرێنەوە ، ئیتر لاوەکانمان سوکایەتیان پێناکرێت ، ئیتر هاوڵاتی پلەدوو نامێنێت ، ژنان شوێنی شایستەی خۆیان دەبێت ، باوی مێلیشیاو عەشایەرو بنەماڵە نامێنێت و کاڵ دەبنەوە ، ئیتر هیچ کەس دەست بەسنگەوە ناگرێت بۆ کەس و ترس و دڵەڕاوکێ و هەڕەشەو چاو سورکردنەوە نامێنێت ، ئیتر گوڵی هیوامان سەردەردێنێت ، وڵات سەوز و سورو ئاڵ و واڵا دەبێت و ئاوەدان دەبێتەوە ، بەرەو حوکمی خۆماڵی دەڕۆین و سود لەژێرخانی ئابووری کوردستان وەردەگرین و داگیرکاران تاڵانی ناکەن … خەونەکانمان سنوری نەبوو … بەڵام بەداخەوە هەر زوو خەونەکانمان ئاوەژو کرایەوە ، زۆرێک لە شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ کەوتنە پێفرۆشتنەوەی ئەوەی کردویانە بەگەل و هێزی مێلیشیاو دور لەیاسا دروستکران ، بەهیمەتی هەمووان شەڕی براکوژی سەری هەڵدایەوە ، کەوتنەوە پاوانخوازی و خۆسەپاندن بەزەبری چەک و خۆهەڵواسین بەدوژمنانی دوێنێ ی گەلەکەمان بوە شتێکی نۆرماڵ ، هەزاران رۆڵەی ئەم گەلەیان کردە قوربانی پاوانخوازی و کەڵەکەکردنی سەروەت و سامانی ناشەرعی ، شکۆیان بۆ حکومەت و دادگاو یاساو و دەستور و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نەهێشتەوە ، گەندەڵی سەرجەم بوارەکانی تەنیەوە و جومگەیەک لەجومگەکانی حوکمڕانی نەما تێوە نەگلێت ، عەسکەر تاریەت پەرەی سەندو دەزگای ئەمنی و داپڵۆسین جێگەی یاساو دەستورو دادگای گرتەوە. هەرچۆنێک بێت و بەهیمەت و فشاری دۆستان و خەمخۆران ئاگری شەری نەگریسی ناوخۆ کوژێنرایەوە …
روخانی بەعسی بەدوادا هات ، کورد دیسان بۆوە ژمارەیەکی قورس لەدروستکردنەوەی عێراقدا ، بەڵام دیسان خەونەکان لەبار بران ، هەر زوو بەغداو پۆست و پلەو پایەو پارە مەستی کردن ، ئەوەی لەبیرو خەیاڵدا نەما مەسەلەی نیشتیمانی و نەتەوەییەکان بوون ، لەجیاتی پێداگری لەسەر جیابونەوەو کارکردن بۆ سەربەخۆیی کوردستان ، دیسان کەوتنەوە مەرهەم کردن و ساڕێژ کردنەوەی برینەکانی بەغدا ، وەک ئەوەی ئەوەشیان کرد ، نەیانتوانی کاری جدی بکەن بۆ ئەوەی مافەکانی گەلی کوردستان بەشێوازێکی کۆنکرێتی لەدەستوردا جێگە بکەنەوە ، ناوچە دابڕێنراوەکان ، پێشمەرگە ، بودجەی هەرێم مسۆگەر بکەن ، نەیانتوانی کاری پێویست بۆ هەڵەبجەو قوربانیانی کیمیاباران و ئەنفال بکەن و بەجینۆسایدی بناسێنن و مافەکانیان بۆ وەربگرنەوە کەهەتا ئەمڕۆش بەهەزارانیان گۆڕیان ونە . تا ئێساش کورد لەبەغدا پارچە پارچەو بەپاشاگەردانی و هەرکەس بۆخۆی هەڵسوکەوت دەکات، هەر وەفدەو بەجیا دەڕۆن ، هەر یەکەو لەماهیەتی سەردانەکانی ئەوی تر کەم دەکاتەوە . لەملاشەوە دیسان لێدوانەکانیان و هەڵس و کەوتەکانیان بۆنی دوژمنایەتی و شەڕی ناوخۆی لێدێتەوە ، بێباکن لەگوزەرانی خەڵک ، دواکەوتنی موچە، بێکاری گەنجان ، پاشە کشەی دیموکراسی مافی مرۆڤ ، ژینگە ، ئازادیەکان لەپاشە کشەدان ، لەبەرامبەردا ، ناوچەگەری ، زیندوکردنەوەی عەشرەت ، مێلیشیا ، سەرانە سەندن ، دەرمانی کوالێتی حراپ و بەسەرچوو ، خۆراکی خراپ ، بڵاو بوونەوەی مادەی هۆشبەر لەبرەودان ، لەملاوە کەرتەکانی خوێندن ، تەندروستی ، حزمەتگوزاریەکان پشتگوێ خراون و بەئەهلی دەکرێن ، جوتیاران و کرێکاران و بەشمەینەتانی وڵات پشتگوێ خراون … باج و خەراج لەهەڵکشاندایە … گەر وابڕوات کارەسات چاوەڕوانیمان دەکات . ئەمڕۆ لەیادی 32 ساڵەی راپەڕین دا ، خوێنی شەهیدان ، مێژووی تێکۆشان و قوربانیدانی گەلەکەمان ، خاکی سوتماککراوی کوردستان ، هەموو ئەو شتانەی ئاماژەمان پێدا بەرپرسیارێتی دەخەنە سەر لایەنە سیاسیەکان ، یان دەبێت هەمووان بەخۆیاندا بچنەوە و چارەسەری هەموو ئەو گرفتانە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ گەل و ئاشتیان بکەنەوە یاخود دەست لەبەرۆکی ئەم میللەتە بەربدەن کەبەزەبری هێز خۆیان بەسەریدا سەپاندوەو رێگا بدەن لەرێگای هەڵبژاردنی ئازادانەوە دەستاو دەست بەدەسەڵات بکرێت . گەر راپەڕین دەستکەوتێکی گەورەبێت ئەوا پاراستنی دەستکەوتەکانی راپەڕین بەرپرسیارێتی مێژوویی و ئەخلاقیە و پاراستنی ئەرکی سەرشانی هەمووانە .