مەکتەبی جەماوەرییەکانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان : دەستدرێژی بۆ سەر پارێزەران، دەستدرێژییە بۆسەر شکۆی دادوەری


شەوی رابردوو لە شاری هەولێر پارێزەرێک به‌ناوی محمد یابه‌ لەلایەن چەند کەسێکەوە ڕفێندرا و بە شێوەیەکی دڕندانە ئازار و ئەشکەنجە دراوە و پاشان سەری تاشراوە .
بەگوێرەی وتەی پارێزەرەکە کەیسی ژن و مێردێکی لە دادگا وەرگرتووە و کاری یاسایی لەسەر کردووە، بەڵام شەوی رابردوو لەلایەن کەسوکاری هاوسەری ژنەکەوە بە “فێل” لە ماڵ بردوویانەتە دەرەوە و بردوویانەتە ماڵێکی دیکە و لەوێ لێیان داوە و قژیان تاشیوه‌ و هەڕەشەی کوشتنیشیان لێکردوە..
مەکتەبی جەماوەرییەکانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەم رەفتارە نامرۆڤانەیە بە مەترسی دەزانێ بۆ سەر شکۆی داد و سیستەمی دادوەری، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات هەرچی زووە ڕێوشوێنی پێویست لەم بارەیەوە بگرنه‌به‌ر و بکەرانی بەپێی یاسا ڕووبەڕووی سزا بکرێنەوە. قەرەبووی یاسایی و مەعنەوی پارێزەری بەڕێز بکرێتەوە و ڕێگری بکرێت لەم كرده‌وه‌ قێزه‌ونانه‌ به‌رانبه‌ر پارێزه‌ران ودادگاكانی كوردستان. له‌م دیدگایه‌وه‌ مه‌كته‌بی جه‌ماوه‌ریه‌كانی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان ئەم دەستدرێژییە، بە دەستدرێژی بۆسەر شکۆ و کۆی سیستەمی داد و دادوەری دەزانێت داوا دەکات حکومەتی هەرێم بە جددی هەڵوێستەی لەسەر بکات و دەستدرێژیکاران بە سزای تووند بگەیێندرێن. هاوکات پاڵپشتیی خۆمان بۆ سەندیکای پارێزەران و تەواوی پارێزەرانی کوردستان دووپات دەکەینەوە، لەسەر پەرەپێدانی کاری پیشەیی و چەسپاندنی سەروەریی یاسا و بنەماکانی داد و دادپەروەری.

پەیوەندیدار