وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان شەش خاڵی وەکو رێکار بڵاوکردووەتەوە بۆ رێگریکردن لە تای خوێنبەربوون.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی کشتوکاڵ، رێکارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەمانەی خوارەوەن:
یەکەم: پێویستە ئاژەڵەکان لە سەربڕخانە فەرمییەکان سەر ببڕدرێن و بە پشکنین و مۆری فەرمیی ڤێرتێرنەری بچێتە بازاڕەوە؛ سەربڕینی ئاژەڵیش لەسەر رێگەکان و لاکۆڵانەکان قەدەخەیە.
دووەم: دەبێت پشکنین بۆ ئاژەڵەکان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بکرێت، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکە.
سێیەم: پێویستە رێکارە تەندروستییەکان بۆ پۆشینی جلوبەرگی تایبەت و کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکاندا رەچاو بکرێت.
چوارەم: کەرەنتینەکانی ئاژەڵ لە دەروازە و فڕۆکەخانەکاندا، پێویستە پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکەن کە دێنە نێو هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکان.
پێنجەم: وەزارەتی کشتوکاڵ رێکاری پێویست دەگرێتەبەر بە مەبەستی دابینکردنی دەرمانی شوشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەکی (قڕنە) کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونە لە نێوان ئاژەڵەکان، ئەم هەڵمەتە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەبێت.
شەشەم: کۆنترۆڵکردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێوەیەکی نافەرمی و لە سنوورەکانی دەرەوە و نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها رێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵ لەو پارێزگایانەی کە نەخۆشیی تای خوێنبەربوونی تێدا بڵاو بووەتەوە.
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە لە ئاژەڵیشەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و لە زۆر باریشدا دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: رێژەی مردن لەنێو تووشبووان %10 بۆ %40ـە.