ڕاگەیندراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

رۆژی شەممە ٤/١١/٢٠٢٣، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی، ئەنجومەنی گشتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆبووەوە، ڕەوشی سیاسی ناوچەکە و عێراق و کوردستان و کێشە سیاسییە ناوخۆییەکانی هەرێم و خراپی باروگوزەرانی خەڵک، گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا.
پەیوەست بە پەرەسەندنە سیاسییەکان و ئاڵنگاریەکانی ناوچەکە، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە نیگەرانیەوە دەڕوانێتە ئەو گۆڕانکاریانەی لە سەرینی شەڕی “حەماس و ئیسرائیل” لە ناوچەکە هاتوونەتە پێشەوە ، بە تایبەت ئەو قوربانیانەی کە لە نێو خەڵکی سڤیل کەوتونەتەوە. لەو سۆنگەیەدا حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پێی وایە شەڕ ڕێگا چارەسەرێکی شکستخواردووە، چونکە لە ڕابردوودا هیچ کێشەیەکی سیاسی بە پرسی کوردیشەوە بە شەڕ کۆتایی پێ نەهاتووە.
پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و مەترسییەکانی ئەو شەڕە و لێکەوتەکانی کە ناوچەکەی گرتۆتەوە ، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە لە بەرژەوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان نییە ، ببێتە بەشێک لەم شەڕە و بکرێتە مەیدانی شەڕی بەوەکالەتی ئەوانی دیکە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویست دەکات سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، مەترسییەکان بە هەند وەرگرن و ناکۆکییە سیاسیەکانیان وەلابنێن و بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکەوە دابنرێت و لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە مەترسیدارە، کار بۆ یەکڕیزی نیشتمانی و هاوهەڵوێستی سیاسی بکەن.
سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی چارەسەرنەکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا، کە گەیشتۆتە ئاستی ئەوەی جارێکی دیکە قووت و ژیانی خەڵکی بخرێتەوە نێو ململانێ سیاسییەکان، بەشیوەیەک کە دەستبردن بۆ بڕین و دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە دابینکردنی ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، هەروەها ئەو سیاسەتەی بەرپرسانی بەغدا بە تەواوەتی خەڵکی کوردستانی بێزار و نیگەران کردووە، ئەوەشی کە بەزەقی هەستی پێدەکرێت ئەوەیە کە هەموو هەنگاوەکانی بە ئاڕاستەی زیاتر بچووکردنەوە و لەقالبدانی هەڕیمی کوردستانە.
سەبارەت بە ژیان و گوزەرانی خەلکی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان شکست و پاشەکشەی حکومەتی هەرێم لە بواری ئابوری و دابینکردنی خزمەتگوزەرییەکان، کە بۆتە هۆی ئەوەی ژیانی خەڵک بکەوێتە بەردەم ئاستەنگی گەورە، هەر ئەو سیاسەتەشە بۆتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایی لەنێو چین و توێژەکانی خەلکی کوردستان.
بایکۆتی توێژی مامۆستایانی ناڕازی لە بەشێکی بەرفراوانی هەرێمی کوردستان دژ بە دانەمەزرانی مامۆستایانی وانەبێژ، دواکەوتنی مووچەی مامۆستایان و مووجەخۆران، ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوە، تا ئێستا بێ وەڵامی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم ماوتەوە، کە ئەمەشیان مەترسی لەسەر ئەمساڵی خوێندن دروست دەکات.
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە پێناو باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەلکی کوردستان. پشتیوانی هەموو شێوازێکی دیموکراسیانەی بزاڤە ناڕەزاییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و هاوکات داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات داخوازییەکانی خەڵک لە ئەولەویەتی کارەکانی دابنێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان جەخت لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکاتەوە و پێی وایە دواخستنی لەوە زیاتری هەڵبژاردن، نەک هەر لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو مەترسی لەسەر کیانی هەرێمی کوردستان دروست دەکات.
لە کۆتاییدا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەک وەرگیرا، کە پەیوەست بوون بە بەرەوپێشبردنی کارەکانی حزب و ئامادەکاریی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان.

ئەنجومەنی گشتیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
5ی تشرینی دووەمی 2023

پەیوەندیدار