نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندبوونی خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق دووپاتدەکاتەوەو دەڵێت، لەمساڵدا چەند ھەنگاوێکی گرنگ و ئومێدبەخش لە وڵاتەکە سەریانھەڵداوە.
جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی یەکگرتووەکان لە عێراق لە دوایین پەیامی ساڵدا دەڵێت، لەگەڵ سەقامگیری سیاسی، عێراق دەرفەتێکی نایابی بۆ رەخساوە بۆ پێشکەوتنی خێراو گەشەسەندنی بەردەوامی خۆی.
دەشڵێت، دوای ساڵێک چەند ھەنگاوێکی گرنگ و دەستپێشخەرییەکی ئومێدبەخش لە عێراق سەریان ھەڵداوە، لە کاتێکدا وڵاتەکە لە دۆخێکی باشدایە بۆ قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە زۆرانەی کە لەبەردەستیدایە، بەڵام ھێشتا ئەوە کارێکی ئاسان نابێت.
دەشڵێت، نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندە بە پاڵپشتیکردنی عێراق بۆ چەسپاندنی دامەزراوە دیموکراسیەکان و پێشخستنی ئاشتی و گەشەپێدانی بەردەوام و مافی مرۆڤ بۆ ھەموو عێراقییەکان.