بەرپرسی هۆبەی كۆنترۆڵی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا رایگەیاند ساڵی رابردوو سێ هەزارو 275 توشبوی نوێی شێرپەنجە لەپارێزگای سلێمانی تۆماركراوەو شێرپەنجەی مەمكیش بە پلەی یەكەم دێت.
د.محەمەد عەبدولوەهاب بەرپرسی هۆبەی كۆنترۆڵی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا بەهاوڵاتی رایگەیاند” لەساڵی 2023دا لەسنوری پارێزگای سلێمانی سێ هەزارو 275 توشبوی نوێی شێرپەنجە لەنەخۆشخانەی هیوا تۆماركراوەو بەراورد بە ساڵی 2022 نزیكەی 43 نەخۆش كەمتربووە”.
“نەخۆشی شێرپەنجەی مەمك بە پلەی یەكەم دێت كە 18%ی هەموو توشبوانی شێرپەنجە پێكدێنێت، دوای ئەویش شێرپەنجەی كۆڵۆن و سییەكان دێت كە باوترین جۆرەكانی شێرپەنجەن لەسلێمانی”. د.محەمەد عەبدولوەهاب وای وت.
بەرپرسی هۆبەی كۆنترۆڵی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا ئاماژەی بەوەشكرد ” ئەوەی جێی داخە رێژەیەكی زۆری توشبوانی شێرپەنجەی مەمك لە قۆناغەكانی سێ و چوار دیاری دەكرێن، ئەوەش بۆ نەبوونی پرۆگرامێكی سەركەوتوی پێشوەختی شێرپەنجەیەو لەلسێمانی تەنها دوو ئامێری مامۆگرافی بۆ دیاریكردنی پێشوەختی شێرپەنجەی مەمك هەیە”.
وتیشی “ساڵی رابردوو نزیكەی 7%ی توشبوانی شێرپەنجە مناڵان بوون كە تەمەنیان كەمترە لە 18 ساڵ”.
د.محەمەد عەبدولوەهاب، لەبارەی گرفتی دەرمانی شێرپەنجەش وتی”نەبونی دەرمان بۆ قۆناغی سەرەتایی شێرپەنجە وا دەكات توشبوەكە بگاتە قۆناغە پێشكەوتوەكان، بەتایبەت كە نرخی دەرمانی شێرپەنجە زۆر گرانەوە لەتوانای دابینكردنی هەموو نەخۆشێكدا نیە”.
ئەوەشی خستەڕوو “هەندێك جۆری دەرمانی شێرپەنجە هەیە كە بۆ چارەسەری قۆناغە پێشكەوتوەكانی نەخۆشی شێرپەنجە بەكاردەهێنرێت بۆ ماوەی 21 رۆژ بەكارهێنان بگاتە 10 ملیۆن دینار، ئەوەش لەم دۆخە پڕ قەیرانەدا لەتوانای چ نەخۆشێكدا هەیە هەموو 21 رۆژ جارێك بیكڕێت”