لەكاتێكدا ڕۆژ بەڕۆژ دۆخی هەرێمی كوردستان بەرەو ناسەقامگیری دارایی و سیاسیی زیاتر دەچێت، حزبەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ گوێدانە بژێوی خەڵك دەستیان بە بانگەشەی جۆراوجۆر كردووە كە تەواوی بانگەشەكانیان لەسەر قووت و ژیانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانە.
دۆخی كوردستان بەهۆی ناتەبایی نێوان حزبە سیاسییەكانی كوردستان و دروستنەكردنی یەكڕیزی لە بەغدا لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە، رۆژ بە رۆژی دۆخی كوردستان لە خراپی نزیك دەبێتەوە، رەوشی ژیانی جووتیاران و تەواوی توێژەكانی تر لە خراپیدا گوزەر دەكات..
ئەوەی جێی پرسیارە حزبە سیاسییەكانی دەسەڵات بێ باكن بەرانبەر بەو دۆخەی كە هاتووەتە ئاراوە. لەماوەی رابردوو، دوای بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی بەغدا و ئەو گوشارانەی لەسەر هەرێمی كوردستان هەبوو، رەوشەكە بەرەو خراپتر چوو، بەشێك لە چاودێرانی سیاسیی دەڵێن، گوێنەگرن و بێ بایەخكردنی رای بەرانبەر ئەو دۆخەی ئێستەی لێ كەوتووەتەوە
هەرێمی كوردستان بەهۆی نەبوونی یەكڕیزی تەواوی شەرعییەتی پەرلەمانی و یاسایی لەدەست دا، جگە لەوەی ستەمەكانی بەغدا زیاتر بوون . ئێستە كەزیاتر لە 45 ڕۆژە فەرمانبەرانی كوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە، دەیان بەرەی جۆراوجۆر بە قسەی جۆراوجۆرەوە دەركەوتوون، جگە لە یەكێتی و پارتی، چەندان حزبی تر كەوتوونەتە موزایەدە و تێكدانی دەروونی فەرمانبەران.
بەشێك لەچاودێرانی سیاسیی بڕوایان وایە، دۆخی چەقبەستووی هەرێمی كوردستان پێویستی بە قسەیەكی عاقڵمەندانە هەیە، لانی كەم حزبێك بێتە مەیدانەكە كە رابردوویەكی پاك و سەنگینی هەبێت.
بانگەشەی پێشوەختە حزبەكانی دەسەڵات و ئەوانەیشی كەتازە بە تازە دەیانەوێ لەسەر گیرفان و قووتی خەڵك بێنە مەیدان و موزایەدە دەكەن، پێشوەختە دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن كردووە.
بەگوێرەی مەرسوومی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە دەچێت، بەڵام لە ئێستە دەسەڵاتدار و پۆپۆلیست و ئیسلامی كەوتوونەتە بانگەشەی جۆراوجۆر كە بەشێكی سەرەكیان هیچ بەرنامە و پلانی ستراتیجییان نییە.
لەگەڵ گۆڕانی هاوكێشەی سیاسیی لە كوردستان، تا رادەیەكی زۆر بەشێك لە حزبە رەسەنەكان پاشەكشەیان كرد، ئەوە تارادەیەكی زۆر هۆكاری سەرەكی بوون كە دۆخی كوردستان بەمشێوەیە بڕوات.
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان كە خاوەن جەماوەر و سیاسەتێكی سەنگینە لەماوەی رابردوو تەنیا بە پڕۆژە و دوور لە بانگەشەی بەتاڵ ویستوویەتی كوردستان بباتە كەناری ئارامی.
پێشتر بەڵێن عەبدوڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان گوتوویەتی، هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی سەختی ئابووری تێپەڕ دەبێت، گرژی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەكان تا ئێستە بەردەوامە، خەڵك زۆر لەوە هەراسانە و تووشی نائومێدی بوون، جگە لەوەی دووژمن و ناحەزان دەیقۆزنەوە، واتا ئەو باودۆخە هەرگیز خزمەتمان پێ ناگەیەنێت، لە هەموو دنیا وایە سەقامگیری سیاسیی سەقامگیری ئابووری لەگەڵ خۆی دەهێنێت، هیوادارم ئەو دۆخە تێپەڕێت تا ئەو دۆخەی دەگاتە یەكڕیزی نیشتمانی.
گەڕانەوە بۆ حزبی رەسەن ئەو قۆناغەی كە كوردستانی تێ كەوتووە دەخوازێ كە دۆخەكە بگەڕێتەوە بۆ قسەی حزبی رەسەن، ئەو حزبانەی كە مێژووی پڕ شكۆیان هەبووە و كار دەكەن بۆ نەهێشتی گەندەڵی و بە بەرنامە و ستراتیج دەیانەوێ كوردستان بەرەو كەناری ئارامی ببەن. ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێكی گرنگ دەبێت بۆ هێنانەوە پێشەوەی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و هاوشێوەكانی تا ئیتر كوردستان لە لێواری مەترسیدار نەمێنێتەوە.
شیكاری/ ئێستا نیوز