بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی رایگەیاند، سلێمانی بووەتە پایتەختی هەرێمی کوردستان و عێراق لە چاندنی مۆخی ئێسکدا. دەشڵێت، “هیوادراین لیژنەی ئەنجومەنی وەزیران بەر لە سەری ساڵ سەردانی سلێمانی بکەن تایبەت بە دروستکردنی نەخۆشخانەی نوێ”.
یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە چارەسەری توشبووانی شێرپەنجە لە سلێمانی رایگەیاند، سلێمانی بووەتە سەنتەری راهێنان بۆ گرتنەوەی ماددەی کیمیایی و پێشەنگی هەرێم و عێراقە.
دەشڵێت، ئەو سەرچاوە مرۆییەی لە نەخۆشخانەی هیوا و سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسک هەیە لە وڵاتان بوایە پەیکەریان بۆدەکرا، بەڵام لێرە دژایەتی دەکرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، داوای دروستکردنی نەخۆشخانەی هیوایمان کردووە بە گەورەیی و لە شوێنێکی گونجاودا، سەرەتا گرفتی دابینکردنی زەوی هەبوو، بەڵام ئەو گرفتەش چارەسەر کراوە و لە مانگی ١١ی ساڵی رابردووەوە، ١٢ دۆنم زەوی لە پارکی هەواری شار بۆ ئەو نەخۆشخانەیە دانراوە.
ئەو بەڕێوەبەرە ئەوەشی خستە روو، ماوەی شەش مانگە چاوەڕوانی لیژنەن لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە تایبەت بە کردنەوەی هیوای گەورە و هەڵسەنگاندنی زەوییەکە سەردانی سلێمانی بکات، بەڵام سەردان ناکات. دەشڵێت، “هیوادارین بەر لە سەری ساڵ لیژنەکە بێنە سلێمانی”.
یاد نەقشبەندی راشیگەیاند، رێژەی توشبووانی شێرپەنجەی مەمک زۆرترین رێژەیە و ١٨.١٪ی توشبووان پێکدەهێنێت، ئەگەر بتوانن ئامێری مەمۆگرافی زیاتر دابین بکەن ئەوا دەتوانن پێشوەختە و لە سەرەتای نەخۆشییەکەدا توشبووان دیاریبکەن و چارەسەریان بکەن.