ڕۆژی 12/12 ی ئەمساڵ چل ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دامەزراندنی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، 40 ساڵ لە خەباتی سەخت و بێوچان بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و دیموکراسیەکانی گەلی کوردستان بە دیدگای ڕوونی کوردستانیانە و باوەڕی قوڵ بە ئازادی و دیموکراسی، بە لێکگرێدانەوەی خەباتی شاخ و شار و بە قوربانیدانی خوێنی شەهیدان و ماندووبوون و شەونخونی پێشمەرگە و ڕێکخستنە نەهێنیەکان و زیندانیانی سیاسی و خۆڕاگری ئەندام و لایەنگرانی حزب، ئەم مێژووە نەخشیندراوە .
لەم یادە پڕ شکۆیەدا سڵاوی ئەمەک و وەفاداری دەنێرین بۆ کەسوکاری شەهیدان و کادیر و ئەندامانی حزب کە سەربەرزانە وێڕای سەختی خەبات و ژیان، ئاڵای حزبە تێکۆشەرەکەیان بە شەکاوەیی هێشتۆتەوە.
بەڕیزان … یادی چل ساڵەی دامەزراندنی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە کاتێکدایە ناوچەکە و کوردستان بە دۆخێکی یەکجار هەستیار تێدەپەڕێت، ئەوەی گرنگە لێرەدا هەڵوەستەی لەسەر بکرێت دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، کە بەداخەوە لەبەردەم قەیرانێکی گەورەی سیاسی و حوکمڕانی دایە.
لە ئاستی سیاسیدا وێڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تا ئێستا پەرلەمان لە دۆخی پەکخراوەیی دایە، ئاستەنگەکان بۆ کاراکردنی بەردەوامن، هەروەها کابینەی تازەی حکومەت دانەمەزراوە، هەموو ئەمانەش بە هۆکاری پێداگری حزبەکانی دەسەڵاتە لەسەر پشک و دەستکەوتی حزبی، بێ ئەوەی بارودۆخەكە و بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاوبگرن.
لەو بارودۆخەدا پرسی دامەزراندنی حکومەتی عێراقیشی هاتۆتە سەر کە بە بێ چارەسەری کێشەکان و هەنگاونان بە ئاڕاستەی یەکڕیزی نیشتمانی جارێکی دیکە کورد بە پەرتەوازەیی دەچێتەوە بەغدا.
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ ئەم دۆخە هەستیارە داوا دەکا:
هەنگاو بنرێت بە ئاڕاستەی یەکڕێزی نیشتمانی و دوور لە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی، کارکردن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی تازە، دانانی کارانامەی هاوبەشی کوردستانی لە نێوان لایەنەکان بۆ بەشداری لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.
ئازادی کاری سیاسی و میدیایی نەکرێتە قوربانی ململانێی حزبیەکان تا لەوە زیاتر فەزای سیاسی بەرتەسک نەکرێتەوە.
ئەرکی حکومەتە کە کاربکات بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و چارەسەرکردنی بێکاری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان.
-هەر شكاوەبێت ئاڵای تێكۆشانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان.
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و سەربەخۆیی كوردستان.
سەركەوێ خەباتی ڕەوای گەلی كوردستان.
مەكتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
10ی کانوونی یەکەمی2025





