بەرزو پیرۆز بێت 8ی مارس ڕۆژی جیهانی ئافرەتان

8 ی مارس ڕۆژی جیهانی ئافرەتان رەمزی تێکۆشانی ئافرەتانە دژی چەوساندنەوە و زوڵم و زۆرداری، وێستگەی خەباتە بۆ پێداگری لەسەر مافە ڕەواکانی ئافەرتان لە یەکسانی و دادپەروەری.
لە کاتێکدا یادی ئەم رۆژە مەزنە دەکینەوە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم شەڕ و ئاڵۆزی و گۆرانکاری گەورە دایە، بێگومان لە دۆخێکی وەهادا ئافرەتان لەقوربانیدان و ڕووبەروبونەوە پشکی شێریان بەردەکەوێ.
ئافرەتانی کوردستانیش مێژوویەکی زێڕینیان هەیە لە بەشداری خەبات و تێکۆشان بەتایبەتی لە ڕۆژگارە سەختەکانی خەباتی نەتەوایەتی و چینایەتی، بەشداریان لە پرسی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، کارکردنیان بۆ بەرەوپێشچوونی پێگەکانی ئافرەتان لەکۆمەڵگا و نێو خێزاندا ، هەروەها دەستەبەر کردنی مافەکانیان لە یاسادا.
شایەنی باسە، وێڕای بوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمەڵە و ڕێکخراو و چالاکوانی مەدەنی و پێشکەوتوخواز کە دڵسۆزانە کاردەکەن بۆ بەرەوپێشچوونی دۆزی ئافرەت و کەمکردنەوەی تووندوتیژی، خۆشبەختانە گۆڕانکاری و هەنگاوی باش نراوە، بەڵام بەهۆی ئەو ناسەقامگیریە بەردەوامی لە ناوچەکە و پێشهاتی نوێ لە کوردستان، پێگەی ئافرەت لە ئاستی پێویست و خواستی ئافرەتاناد نیە.
زیاد بوونی دیاردەی توندووتیژی و مانەوەی بیری عەشایەری و پیاو سالاری، وایکردووە ڕۆژانە ڕووداوی نەخوازراو و هەواڵی دڵتەزێن ببیستین، پەراوێزخستنی رۆڵی ئافرەتان لە ناوەندی بڕیارو دەسەڵات، بەکاڵاکردن وهەراسانکردنیان لە شوێنی کارو پەرەسەندنی توندوتیژی ئەلیکترۆنی هەروەها خەمساردی و بێباکی لایەنی پەیوەندیدار لایەنێکی نەرێنی دیکەیە.
بۆیە ئێمە وەک ئافرەتانی چەپ وێڕای بەردەوام بوونمان لە خەبات بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و بنبڕکردنی توندوتیژی و بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی ئافەرەتان و تێدەکۆشین بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی جێندەری.
ئەگەرچی لەم مەیدانە بەدەرکردنی چەندین بڕیار و گۆڕینی چەندین بڕگەی یاسایی و بوونی بەیاننامە و ڕێکەوتننامەی نێودەوڵەتی، بەڵام هێشتا خەباتی ئافرەتان لەبەردەم ئاستەنگی گەورە دایە. لە کۆتاییدا وەک ئافرەتانی چەپ داواکارین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندییدارکان کار بکەن بۆ:
1- بەشداری راستەقینەو کارای ئافرەتان لە ناوەندەکانی بڕیارو دەسەڵات .
2- فەراهەم کردنی هەلی کار بۆ لاوان ودامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان.
3- کاراکردنی پەرلەمان و دارشتنی یاسای نوێ و هەموارکردنی ئەویاسایانەی پێویستە بەپێی بارودۆخی سەردەمیانە گونجاندنیان بۆبکرێ .
4- کارپێکردنی یاسایاییەکان بە بێ جیاوازی و بێ دەستێوەردان و سولحی بنەماڵەو حزب و دیوەخانەکان و داڵدەدانی بکوژ لەلایەن حزبەکانەوە.
5- پشتگیری و پاڵپشتی ئافرەتان بۆ کارکردنیان بە شێوەیەکی ئازادانە و چالاککردنی ڕۆڵ و بەهێزکردنیان لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە.
ئافرەتانی لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستانی
8ی مارسی 2026

پەیوەندیدار