وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، بە نێوەندگیریی ئەوان رووسیا و ئۆکرانیا 320 دیلی یەکتریان ئازادکردووە، بە جۆرێک ئۆکرانیا 160 دیلی رووسی ئازادکردووە و لە بەرانبەریشدا رووسیا 160 دیلی ئۆکرانی ئازادکردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، ژمارەی ئەو دیلانەی تاوەکو ئێستا لەلایەن رووسیا و ئۆکرانیاوە ئازادکراون گەیشتووەتە 7781 دیل، پرۆسەکەش بۆ ئازادکردنی دیلی زیاتر بەردەوامە.
هەروەها وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە، هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ناکۆکییەکانی ئۆکرانیا و رووسیا، بە مەبەستی کۆتایهێنان بە جەنگەکەی نێوانیان پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار ساڵ بەسەر هەڵگیرسانیدا.
لەمبارەوە ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو سەربازە ئۆکرانییانەی ئازادکراون لە ساڵی 2022ـەوە بە دیل گیرابوون.
لە لایەکی دیکەوە مۆسکۆ رایگەیاند، سەربازە ئازادکراوەکانی رووسیا گواستراونەتەوە بۆ بێلاڕووس بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و چاودێری.
ئەم پرۆسەیە دەبێتە 25ـەمین هەوڵی نێوەندگیریی سەرکەوتووی ئیمارات لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە لە شوباتی ساڵی 2022ـەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی نوێترین پرۆسە، ژمارەی تەواوی ئەو دیلانەی تاوەکو ئێستا بە هەوڵی نێوەندگیریی ئیمارات ئازادکراون، گەیشتووەتە 7791 کەس.




