روفاتی 41 هاوڵاتی ئێزدیی بۆ شنگال دەگەڕێنرێتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە روفاتی 41 هاوڵاتی ئێزدیی لەبەغدا دەگەڕێنرێنەوە بۆ قەزای شنگال و لەمەراسیمێکدا بەئامادەبونی سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، لەگوندی کۆچۆی شنگال بەخاک دەسپێردرێن.

وەزارەتی کاروباری شەهیدانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، دوای ئەنجامدانی پشکنینی DNA لەبەغدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە روفاتی 41 هاوڵاتی ئێزدیی لەبەغدا دەگەڕێنرێنەوە بۆ قەزای شنگال و لەگوندی کۆچۆ بەخاک دەسپێردرێن.

باس لەوەشکراوە، هێشتا 400 روفاتی هاوڵاتی ئێزدی لەبەشی دادی پزیشکی بەغدا ماون و پشکنینی DNAیان بۆ دەکرێت بەمەبەستی ناسینەوەیان و دواتر دەگەڕێنرێنەوە بۆ شنگال.

گوندی کۆچۆ نزیکەی 18 کیلۆمەتر لە باشوری قەزای شنگالەوە دورە، پێش هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر ناوچەکە زیاتر لە 220 خێزانی تێدا بو، کە لە 1700 کەس لەو گوندەدا دەژیان.

لە سەرەتای مانگی ئابی ٢٠١٤ چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر ناوچەی ئێزدییەکان، دواتر چەکدارانی داعش گەیشتنە گوندی کۆچۆ، ئەو گوندەی بو بە سیمبولی ئازار و کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان.

هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن گوندەکە ژمارەیان 1740 كەس بوە، لە کۆمەڵکوژییەکەی داعشدا 480 پیاو کوژراوە و تاکو ئێستاش چارەنوسی زیاد لە 500 کەسیان دیار نییە.

پەیوەندیدار