گەڕاندنەوەی تەرمی 16 کۆچبەرە خنکاوەکەی نۆکەندی ئینگلیز دواخرا

بڕیاربوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە، تەرمی ١٦ قوربانی دەریای مانش بهێنرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام جارێکی دیکە هاتنەوەی تەرمەکان دواخرا.
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەسوکاری قوربا‌نییەکان لە فڕۆکەخانەی هەولێر چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی تەرمی ئەو کۆچبەرانە بوون کە بڕیاربوو بگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێم، بەڵام بۆ جاری دووەم و “بەهۆی بوونی تەم و مژ گەشتی ئەو فڕۆکەیەی کۆچبەرەکانی پێدەگوازرێتەوە دواخرا بۆ ٢٠ کاتژمێری دیکە.”
کەسوکاری کۆچبەرەکانیش کە لە فڕۆکەخانە چاوەڕوانی هاتنەوەی تەرمەکان بوون و دواتر پێیان راگەیەنراوە کە ٢٠ کاتژمێری دیکە تەرمەکان دەگەنەوە هەرێم باسیان لەوەکرد، ئەوان زۆرینەیان لە رێگەی دوورەوە ھاتوون بەڵام لە دوا ساتدا پێیان وتراوە کە تەرمەکان درەنگتر دەگاتەوە هەرێم.
رۆژی ٢١ی ئەم مانگە، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ماوەی مانگێک تەرمی ئەو کۆچبەرانە کە خەڵکی هەرێمی کوردستانن، بەهۆی دواکەوتنی پرۆسەی ناسینەوە و پشتڕاستکردنەوەی پەنجەمۆرکانیان دواکەوتبوو.
جوتیار عادل باسی لەوەشکردبوو، کە رۆژی ٢٤ی مانگ تەرمی کۆچبەرەکان دەگەڕێنرێتەوە هەرێم، بەڵام دواتر وادەکە گۆڕانکاری بەسەردا هات و بڕیاربوو بەرەبەیانی رۆژی شەممە تەرمەکان بگەنەوە هەرێم و لەو کاتەشدا نەگەیشتنەوە هەرێم.
لە ٢٤ ی مانگی رابردوودا، بەلەمێک بە ٥٠ سەرنشینەوە لە کەناراوەکانی شاری کالیێوە بەڕێکەوتبوون بۆ بەریتانیا، ژێرئاوکەوتن و ٣١ کەسیان کە زۆربەیان کورد بوون گیانیان لەدەستدا.
هاوکات، دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا ئاشکرایانکردووە، لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا نزیکەی ١٥ هەزار و ٤٠٠ کەس هەوڵی تێپەڕاندنی دەریای مانشیان داوە بە ئاڕاستەی خاکی بەریتانیا.

پەیوەندیدار