پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لە دوو چالاکیی جیاوازدا لەنێو سلێمانی و چەمچەماڵ، دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی “دزیکردن و فێڵکردن”.
رۆژی چوارشەممە 30-03-2022 سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لەلایەن نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی کوردساتەوە لە شاری سلێمانی، تۆمەتبارێك بهناوی (هـ. ح. م) لەدایکبووی ساڵی 1992 دەستگیرکرا بە تۆمەتی “دزیکردن و قۆڵبڕین”.
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسە لە چەند دووکانێک شتومەکی کڕیوە و ناسنامەیەکی داناوە و گوتوویەتی، “دواتر پارەتان بۆ دێنم”، بەڵام پارەی کەسی نەبردووەتەوە، بۆیە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە و دەستگیرکراوە. لە هەولێریش سکاڵا دژی هەمان کەس و بە هەمان هۆکار تۆمارکراوە.
ئاماژە بەوەش دەکات، لە چالاکییەکی دیکەدا پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵ لەسەر سکاڵای هاونیشتمانییەک کە دووکانی مۆبایلی هەبووە و دزیی لێکراوە، تۆمەتبارێکیان بەناوی (س. د. ئـ) لەدایکبووی 2004 دەستگیرکردووە و دەستیشیان بەسەر چەند مۆبایلێکی گرانبەهادا گرتووە. گوتیشی، “تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر دەستبەسەرکراوە”.